عێراق کارتى رەقیم دەردەکات؛ بۆ خۆپاراستن لە سزاى دەرەوە و هەژموونى مامەڵەی دارایی نێوخۆییە

21-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەی کارتی ئەلیکترۆنیی نیشتمانیی یەکگرتوو دەخاتەکار، کە بە "رەقیم" ناسراوە و تەنیا بۆ مامەڵەی دارایی ناوخۆییە بۆ مامەڵە فەرمییەکان یان بازاڕکردن. کارتەکە لە هەرێمی کوردستانیش کار دەکات.
 
سیستمی کارتی ئەلیکترۆنیی پارەدان، بۆ ئاسانکاریی مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پارەی کاش لە عێراقدا لە ساڵی 2023وە بە فراوانی کاری پێدەکرێت.
 
رۆژی 24ی حوزەیران بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی بانکە تایبەتەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی کرد و رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەم ساڵ، کارتی ئەلیکترۆنیی نیشتمانیی یەکگرتوو "رەقیم" دەخاتە بازاڕەوە بۆ گەرەنتیکردنی پارێزراوی و توانای مامەڵە داراییەکان لە نێوخۆی عێراقدا، راستەوخۆ ئەو بانکەش سەرپەرشتیی دەکات.
 
نەبیل نەجار، سەرۆکی رێکخراوی "وەعینا" بۆ رۆشنبیریی پارەدانی ئەلیکترۆنی، لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی رووداوی عێراقدا گوتی، "ئامانج لەو هەنگاوە، کۆتاییهێنانە بە هەژموونی ڤیزە کارد و ماستەر کارد لە پرسی کارتە ئەلیکترۆنییەکاندا، بەبێ ئەوەی ئەم کارتە نیشتمانییە جێگرەوەی ئەو دوو کارتە بێت، ئەو کارتە هاوشێوەی ڤیزەکارد و ماستەر کارد نییە و تەنیا لەنێو عێراق کار دەکات."
 
كارتەکە چیپێکی زیرەکی پێوەیە، مەترسیی ساختەکاریی کەمە و ئەگەر زانیارییەکانیشی ببرێن، ناتوانرێت بەکاربهێندرێت.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکردنی ئەو کارتە ئەلیکترۆنییە، خۆپاراستنە لە سزاکانی ئەمریکا و گوشارە لەسەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەکو "ڤیزە کارد" و "ماستەر کارد،" کە زۆرینەی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق بەڕێوەدەبەن، وەکو ئەوەی مانگی حوزەیران لە دابەشکردنی مووچەی حەشدی شەعبی بە ئەلیکترۆنى روویدا و کێشەی تێکەوت.
 
نەبیل نەجار دەڵێت، "ئەم پرسە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ حکومەتی عێراق، بەتایبەت بانکی ناوەندی و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و پارەدان، بۆ ئەوەی سەروەریی تەواومان هەبێت بەسەر ئەو پارانەی کە لەنێو عێراقدا مامەڵەیان پێوە دەکرێت، ماوەیەک لەمەوبەر ماستەرکارد بڕیاری ئەوەی دا کە مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە کۆمپانیاکان رابگرێت کە زیاد لە پێویست مامەڵەیان بە دۆلار کردبوو، ئەوەش کەمێک بازاڕی شڵەژاند، ئەنجامە گشتییەکە ئەوەیە کە بەهێزکردنی سەروەریی دارایی نیشتمانییە و سەپاندنی هەژموونی بانکی ناوەندییە بەسەر پارەدانەکان لەنێو عێراقدا. ئەوە جگە لە عمولە و ئەو رێژەیەی بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێنرێت."
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە دەست رووداو کەوتوون، نزیکەی 21 ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا هەن، کە 17 بۆ 18 ملیۆنیان کاران و 17 کۆمپانیای دارایی لە عێراق کارتی پارەدان دەردەکەن.
 
سەرۆکی رێکخراوی "وەعینا" بۆ رۆشنبیریی پارەدانی ئەلیکترۆنی رایگەیاند، ئەو کەسانەى ئەو کارتە ئەلیکترۆنییەیان دەبێت دەتوانن لە رێگەیەوە بە ئۆنلاین لەنێو عێراق بازاڕکردن بکەن، لە وێستگەکان سووتەمەنى لە وێستگەکان پێ بکڕن ، بە "عمولەیەکی کەم" پارە لە کارتێکەوە بۆ کارتێکی دیکە بگوازنەوە.
 
ئێستا 62 هەزار ئامێرى پارەدانى (POS) لەعێراق و هەرێمى کوردستان هەن ، 7,531 ئامێرى راکێشانى پارە ( ATM) لەلایەن بانکەکانەوە دانراون.
 
بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی لە فەرمانگە حکومییەکان گەیشتووەتە 32%، ژمارەی هەژماری بانکی  گەیشتووەتە 20 ملیۆن  هەژمار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵکەیەکی نەوت لە بەسرە.

نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 64 دۆلار بەرزبووەوە

چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوتیان لە رۆژی هەینی بە رێژەی 1٪ بەرزکردەوە.