رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى ئێچ کەی ئێن ئینێرجی (HKN) لەسەر داڕشتەى کۆتایی گرێبەستى پەرەپێدانى کێڵگەى حەمرین رێککەوتن. گرێبەستەکە بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى کیڵگەکە و وەبەرهێنانی گازى هاوەڵە.
وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێ، شاندێکی کۆمپانیا ئەمریکییەکە لەگەڵ عامر خەلیل، بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاى نەوتى باکوور کۆبووەتەوە و لەسەر ئەو داڕشتەیە رێککەوتوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاى HKN بۆ گەڵاڵەکردنى تێڕوانینى تەکنیکى تایبەت بەو گرێبەستە بووە.
پێشتر لە 15ى تەممووزى 2025 وەزارەتى نەوت و ئەو کۆمپانیایە رێککەوتنى سەرەتاییان بۆ پەرپێدانی کێڵگەکە واژۆ کرد.
کێڵگەى حەمرین دەکەوێتە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین و ئامانج لەو گرێبەستەش زیادکردنى بەرهەمى نەوتەکەیەتى لە 20 هەزار بەرمیلى رۆژانەوە بۆ 60 هەزار بەرمیل و وەبەرهێنانى 50 ملیۆن پێ سێجا لە گازى هاوەڵى.
کۆمپانیای HKN لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، مەرجە تەکنیکییەکانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق یەکلایی کردووەتەوە.
سرود موختار، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN دەڵێت، "ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئەنجامدانی گرێبەست لەنێوان HKN و حکومەتی عێراق. بە پەرۆشەوە دەڕوانینە کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی گرێبەستەکە بە خێرایی، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک کە توانای وزەی عێراق بەهێزبکات و راستەوخۆ سوود بە خەڵکەکەی بگەیەنێت."
کۆمپانیای HKN کە بنکەکەی لە تێکساسە، خاوەنی گەورەترین قەبارەی وەبەرهێنانی وزەیە لەسەر ئاستی ئەو کۆمپانیا کەرتی تایبەتانەی لە عێراق کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ