عێراق و تورکیا هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە تاوتوێ دەکەن

22-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیان لەڕێگەی بەندەرى جەیهانەوە تاوتوێ کرد.
 
کۆبوونەوەى ئەو دوو وەزیرە لە پەراوێزى بەشداریکردنیان بوو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە شارى ئیستەنبووڵى تورکیا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـى حوزەیرانى 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، هەردوولا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیان لەڕێگەی تورکیاوە تاوتوێ کردووە.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، "وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگیی خێراکردنی هاوئاهەنگیی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کردووەتەوە، هەروەها ئامادەیی عێراقیشی بۆ هاوبەشیکردن لەو بوارەدا پیشانداوە، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەهێز بکات".
 
لە 25ـی ئادارى 2023ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە. هەموارى یاسای بودجە لە 17ـى شوباتى ئەم ساڵ چووە وارى جێبەجێکردن بۆ ئەوە بوو بەربەستەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
 
یەکێکى دیکە لەو پرسانەى کە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێکرا، پشکى ئاوى عێراقە لە هەردوو رووبارى دیجلە و فورات کە سەرچاوەکانیان تورکیایە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەى عێراق لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی دۆسیەی بەردانەوەی ئاوی بۆ عێراق تاوتوێ کردووە و ئاماژەی بە کەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی ئەو ئاوە کردووە کە لە تورکیاوە دێت و وەزیرى دەرەوەى تورکیا بەڵێنی داوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی قسە بکات، بەجۆرێک کە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات مسۆگەر بکات."
 
بەگوێرەى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، ئەم ساڵ عێراق 40%ـی پشکەکەى لە ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات پێگەیشتووە .
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوو وەزیرى دەرەوەى عێراق و تورکیا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان لەژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی جەنگى نێوان ئێران و ئیسرائیل تاوتوێکردووە، لەوانە بە ئامانجگرتنى دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ: زێڕ ساڵێکی نایابـی بەڕێکرد و 50 جار ریکۆردی شکاند

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێ، ساڵی 2025 ساڵێکی "نایاب و مێژوویی" بوو بۆ زێڕ، بە جۆرێک کانزاکە زیاتر لە 60% نرخەکەی بەرزبووەوە و زیاتر لە 50 جاریش بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد