چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەسەر مووچە داوایەک لە هەرێمی کوردستان دەکەن

22-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
 
لە کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، د. مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری باسی مووچە و جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرا. 
 
نووسینگەی سوودانی بڵاویکردەوە، چوار سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانی دیکەش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـى شوباتى 2024 بڕیارێکى دەرکرد و هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پابەند کرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بە جێبکرێت و مانگانە بدرێت.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە، لەوانەش جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران تاوتوێکراون و جەختکرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسمانەکەی یان بەکارهێنانی وەک دەستپێکێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ؛ هەروەها پشتگیری بۆ حکومەت دووپاتکرایەوە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسمان و سەروەریی عێراق و پەیڕەوکردنی رێگە یاساییەکان لەبەردەم دەستە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق.
 
 
 
کۆبوونەوەکە سەرکۆنەی دەستدرێژییە ئاشکراکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، بەو پێیەی پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە؛ هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بۆ جووڵەی دەستبەجێ بۆ راگرتنی شەڕ و کارکردن بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی و پشتبەستن بە دیالۆگ و هێورکردنەوە، کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات؛ هاوکات نیگەرانی دەربڕدرا لەبارەی کردنەئامانجی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەهۆی ئەوەی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
 
چوار سەرۆکایەتییەکە جەختیان لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر پلانی یاسادانانی خۆی لە پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی پێشکەشی ئەنجوومەن کراون بۆ خولی ئێستای.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.