رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 6.38٪، یاخود 164 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2,734 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی کانزاکەیە لە مێژوودا تۆمارکرابێت؛ لە یەک هەفتەی رابردووشدا نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم نزیکەی 200 دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخەکە لە کاتێکدایە کە خستنەڕووی پلاتینیۆم لە بازاڕەکاندا کەمی کردووە و لە بەرامبەردا خواستی پیشەسازی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئەفریقای باشوور کە بە تەنیا 70%ی بەرهەمی پلاتینیۆمی جیهان دابین دەکات، بەدەست کەمیی وەبەرهێنان لە کانەکاندا دەناڵێنێت؛ هاوکات پڕۆسەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاتینیۆمیش کەمبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەردەوامیی کورتهێنانی ئەم کانزایە لە بازاڕدا.
تەنیا لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا، نرخی پلاتینیۆم بەڕێژەی نزیکەی 20% بەرزبووەتەوە. بەشێک لە شرۆڤەکارانیش پێشبینی دەکەن ئەم بەرزبوونەوەیە بەردەوام بێت و تاوەکو ساڵی 2026 نرخی هەر ئۆنسەیەک بگاتە 2,800 دۆلار.
هۆکارێکی دیکەی ئەم گۆڕانکارییانە، گرانبوونی نرخی زێڕ و پەنابردنی وەبەرهێنەرانە بۆ کانزا گرانبەهاکان وەک "پەناگەیەکی ئارام" لە کاتی گرژییە سیاسی و بازرگانییەکان لە جیهاندا.
هاوکات ئەگەری بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود، بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار و پاڵپشتییەکی زیاتری بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینیۆم و کانزاکانی دیکە دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ