رووداو دیجیتاڵ
بەهای زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و مسقاڵێکی عەیار 21 گەیشتە 625 هەزار دینار، هەروەها بەهای دینار لەبەرزبوونەوەدایە و 100 دۆلار بە 149 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەبارەی نرخی زێڕ، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-2-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عەیار 21 نرخی بە 625 هەزار دینارە و زێڕی عەیار 22 بە 655 هەزار دینارە."
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، زێڕی عەیار 24ـیش مسقاڵی بە 715 هەزار دینارە، عەیار 18ـش مسقاڵی بە 535 هەزار دینارە.
سەرەتای ئەم مانگە نرخی زێڕ بەمشێوەیە بوو، مسقاڵێکی عەیار 21 بە 591 هەزار دینار، عەیار 22 بە 612 هەزار دینار، عەیار 24 بە 668 هەزار و عەیار 18ـش بە 500 هەزار دینار بوو.
بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ، هەر مسقاڵێک زێڕ 60 هەزار هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە، ئەمڕۆ نرخی جیهانیی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.4% دابەزی و بە 2925 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دابەزیوە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئاستی نوێی لە بەرزبوونەوە تۆمار کرد."
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، "ناڕوونی و نادڵنیاییەکانی نێو بازاڕەکان بە ئەگەری زۆرەوە پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروستدەکەن، دەکرێت نرخی کانزای زەرد بۆ ئاستێکی دیکەی مێژوویی بەرزبێتەوە."
بەهای ئەمڕۆی دراوەکان:
- 100 دۆلار بە 149 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات یەک ملیۆن لیرەی سووری 175 هەزار دینارە.
- 100 دۆلار بە رامبەر 3640 لیرەی تورکیایە. هەروەها 9 ملیۆن و 400 هەزار تمەنی ئێران بە حەواڵە بەرامبەر 100 دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ