رووداو دیجیتاڵ
ئابووریی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵدا 8.6%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ساڵانەی خۆی لەدەستداوە، کە دەکاتە 177 ملیار شیکڵ (57 ملیار دۆلار).
بانکی ناوەندیی ئیسرائیل لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ 2025 رایگەیاند، زیانەکان بەتایبەتی پەیوەستن بە شەڕی غەززە کە لە هێرشەکەی حەماسەوە لە ساڵی 2023 دەستیپێکرد تاوەکو ئاگربەست لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی لوبنانیش دەگرێتەوە.
ئەم ژمارانە تێچووی شەڕی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا ناگرێتەوە، کە ئێستا چوارەم هەفتەیەتی و تێیدا ئیسرائیل نزیکەی رۆژانە بۆردوومانی ئێران دەکات و لە هەمان کاتدا هەوڵدەدات بەرپەرچی هێرشەکان بداتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل ئەم مانگە بودجەیەکی هەموارکراوی بۆ ساڵی 2026 پەسند کرد و 13 ملیار دۆلاری بۆ دابینکردنی خەرجیی شەڕ زیاد کرد.
ئەمیر یاروون، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێش شەڕەکەی ئێستا، پێشبینیمان دەکرد ئەم ساڵ ئابوورییەکەمان 5.2٪ گەشە بکات و کورتهێنانمان 3.9٪ بێت".
یاروون گوتیشی: "لەگەڵ زیادبوونی کورتهێنان و ئەگەری کەمکردنەوەی پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری، رێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی بەرز دەبێتەوە."
بەگوێرەی راپۆرتەکەی بانکی ناوەندیی ئیسرائیل، زیانی ئابووری لە شەڕی 12 رۆژەی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئێران، نزیکەی 0.3%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بووە.
توێژەرانی بانکەکە مەزەندەیان کردووە کە هەناردەی کاڵا بۆ هەشت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کە رەخنەیان لە ئیسرائیل گرتووە، لە ساڵی 2024دا یەک ملیار دۆلار و لە ساڵی 2025دا بڕی 1.5 ملیار دۆلار کەمیکردووە، لە کاتێکدا بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا زیادیکردووە.
بانکەکە رایگەیاندووە، "ئەم شێوازە رەنگە ئاماژە بەوە بدات کە هەڵوێستە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر قەبارەی هەناردە بۆ ئەو وڵاتانە هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ