ئابووری
شۆفێرێک لە بەنزینخانەیەک بەنزین دەکاتە نێو تانکیی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێ، نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە و دابەشکردنی بەنزینی حکومیش کەمیکردووە، بەڵام "دۆخەکە کاتییە" و زوو چارەسەر دەبێت.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کاری چاکسازی لە پاڵاوگەکان دەکرێ، بەڵام ئەم دۆخە کاتییە و نرخەکە زوو ئاسایی دەبێتەوە."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی، "بەهۆی ئەو رێکارانەوە، دابەشکردنی بەنزینی حکومیش کەمیکردووە."
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "بەهۆی هەندێک رێکاری تەکنیکییەوە بارکردنی بەنزین کەمیکردووە، بەوهۆیەشەوە نرخەکەی لە 820 دینارەوە بۆ 870 دینار بەرزبووەتەوە."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، بەنزینی حکومی بە 750 دینار دابەش دەکرێ، بەڵام گوتیشی، "پشکەکەی رۆژانە لە 20 ئۆتۆمبێلەوە بۆ 16 کەمیکردووە، بەڵام لە دوو رۆژی داهاتوودا ئاسایی دەبێتەوە."
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزنەبووەتەوە و دابەشکردنی بەنزینی حکومیش هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ