رووداو دیجیتاڵ
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئادارەوە دەست دەکات بە بەردەستخستنی بەشێکی دیکە لە کۆگە ستراتیژییەکانی نەوتی نیشتمانی. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە تۆکیۆ لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی وڵاتەکەی کردووە.
رۆژی سێشەممە 24-03-2026 سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند: "بەمەبەستی دابینکردنی بڕی پێویست بۆ تەواوی ژاپۆن، ئێمە لەم هەفتەیەدا و لە رۆژی 26ـی ئادارەوە یەدەگی نەوتی دەوڵەت دەکەینەوە [بەردەستی دەخەین]." ئەم بڕیارە وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی کەرتی پیشەسازی و گواستنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
دووشەممەی رابردوو، حکومەتی ژاپۆن دەستی کرد بە کردنەوەی یەدەگی نەوتی کەرتی تایبەت کە بەشی 15 رۆژی وڵاتەکە دەکات. تاکایچی پێشتر ئاماژەی بەوەش کردبوو، بڕیارە یەدەگی کۆگە حکومییەکانیش کە بەشی مانگێک دەکات، رەوانەی بازاڕەکان بکرێت تاوەکو گوشارەکان کەم ببنەوە.
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، چونکە نزیكەی 95٪ـی هاوردەی نەوتەکەی پشت بەو ناوچەیە دەبەستێت. ژاپۆن خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی نەوتە لە جیهاندا، کە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل بووە.
ئەم هەنگاوەی ژاپۆن وەک پابەندییەک دێت بە رێککەوتنەکەی 11ـی ئاداری ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، کە تێیدا بڕیاردرا بە دابینکردنی بڕێکی زۆر لە نەوتی یەدەگی جیهانی بۆ رێگریکردن لەو شۆکە ئابوورییەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا دروستی کردووە.
ئێستا جیهان چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئایا ئەم هەنگاوەی ژاپۆن و وڵاتانی دیکەی پیشەسازی دەتوانێت نرخی نەوت لە ژێر بەربەستی 100 دۆلاردا جێگیر بکات، یان بەردەوامیی جەنگ لە دەوروبەری تەنگەی هورمز هەموو هەوڵەکان بێ ئەنجام دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ