رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی راگەیاند، لەماوەی داهاتوو دا کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی فەرمیی ئاراستەی کۆشکی سپی دەکات. دەشڵێت، ئەردۆغان لەبارەی هەناردەی نەوتی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
گوتەبێژی ئەپیکور دەشڵێت، سەرداەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن پێویست بوو، پێش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات.
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئاداری 2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
کاگینز بە رووداوی گوت: "پێمان وایە کە ئێمە لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا نامەیەکی فەرمیمان لە کۆنگرێس گوێ لێ دەبێت. ئێمە پێمانوایە کە کۆنگرێسی ئەمریکا لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا نامەیەک ئاڕاستەی کۆشکی سپی دەکات".
مایڵز باسی لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن کرد و گوتی، "ئێمە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ کۆنگرێسدا هەبوو، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئاداردا سەردانی واشنتن دی سی کرد، ئەو لەگەڵ بەشێک لە ئەندامە بەهێزەکانی کۆنگرێس و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوویەوە".
هەروەها گوتەبێژی ئەپیکور دەشڵێت: "ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لەو ئاستە بەرزە گرنگ بوو پێش ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات لە مانگی نیساندا، ئەو سەردانە سەردانێکی زۆر باشی سەرۆکوەزیران [مەسرور بارزانی] بوو لە جیاتی هەموو گەلی کورد".
کاگینز لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بانگهێشتنامەیەکمان بۆ کۆبوونەوە پێبگات و کاتێک بۆ کۆبوونەوەکە دیاریبکرێت".
بەگوتەی کاگینز پێش سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بڕیارە 15ـی نیسانی ئەم ساڵ سەردانی واشنتن بکات، بەغدا هەندێک کار بە ئاڕاستەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات.
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتن و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەندین بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە کۆبووەوە.
25ـی ئادارى 2024، وەزارەتى نەوتى عێراق روونکردنەوەیەکى 11 خاڵیی لەبارەى پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان، گرێبەست و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت و بەربەستەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى ئەو هەناردەکردنەوەیە بڵاوکردەوە.
وەزارەتى نەوت راگەیێندراوەکەى ئەپیکور بە "دەستوەردانێکى ناڕەوا" لە کاروبارى سەروەریى ناوخۆ و دەرەکیی عێراق دەزانێت کە "پەیوەندار نییە بە کارى کۆمپانیاکانەوە، ئەوەش پێشێلکارییەکى دیکەى ئەو کۆمەڵە و ئەو کۆمپانیایانەیە و لەگەڵ بنەماکانى نیەتپاکى و کارى وەبەرهێنانى بیانى ناگونجێت."
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەک ساڵی تەواوە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، راگرتنی كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی 450000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ