رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە دابەزی. یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 3364 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی دابەزینی نرخی زێڕ سنووردار بێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ی ئەم ساڵ، بەڕیژەی 0.3٪ دابەزی بۆ 3409 دۆلار.
پێنوێنیی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دەپێوێت، ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و دوورکەوتەوە لە کەمترین ئاستی خۆی لە 4 هەفتەی رابردوودا. ئەوەش کڕینی زێڕی بە دراوەکانی دیکە کەمکردووەتەوە.
مات سیمپسن، بەڕێوەبەری بەشی کاڵا و کانزاکان لە سیتی بانک رایگەیاند، "لەنزیک ئاستی 3350 دۆلار، پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ هەیە و پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ لە کورتمەودا دا هەستیار بێت بەرامبەر بەو ئاستە."
ئەو شارەزایە دەڵێت، هەڵوێستی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر ئەوەیە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی هەیە، رێگری لە دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە کورتمەودا دا دەکات.
سیمپسن هەروەها رایگەیاند، "بۆ ئەوەی نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە، دەبێت ئامارەکانی هەڵاوسان و بازاڕی کاری ئەمریکا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بڵاوببنەوە، لاواز بن."
بەپێی رووپێوەکان، بازرگانان ئێستا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی 17ی مانگی داهاتووی بانکی ناوەندی بە 87٪ دەزانن.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات، چونکە ئەوە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ