رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا، ئەمڕۆ دووشەممە بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت، بەوپێیەی نیگەرانی دروستکردووە لە پچڕانی نەوتی رووسیا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 63 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، ئۆکراینا هێرشی کردووەتەسەر وێستگەیەکی ئەتۆمی و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای وێستگەکەی کەم کردووەتەوە، هەروەها هێرشەکانی ئۆکراینا وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتیشی کردووەتە ئامانج.
هێرشێکی درۆنیی ئۆکراینا بۆ ماوەی چوار رۆژە، هەناردەکردنی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی رووسیای پەکخستووە.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری کۆمپانیا راوێژکاری (IG) رایگەیاند، "هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا سەرکەوتوو بوون و ئەوەش مەترسیی پچڕانی نەوتی رووسیای زیادکردووە."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ سەر رووسیا دووبارە کردووەتەوە ئەگەر ئەو وڵاتە بە ئاگربەست رازی نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ