رووداو دیجیتاڵ
عێراق 20 هەزار تۆن گازی شل لە رێگەی بەندەرێکی بەسرەوە هەناردە دەکات، کە بە گوتەى بریکارێکى وەزارەتى نەوت یەکەمجارە ئەو بڕە هەناردە بکرێت، دوای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ لەو جۆرە وزەیە.
یەکشەممە 24ی ئابی 2025 عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو گازە شلە لە سەکۆی دووەمی بەندەری هەناردەکردنی گازی شلی سەر بە کۆمپانیای گازی بەسرە لە بەندەری خۆر زوبێر لە بەسرەوە دەست بە بارکردنی کراوە و کەشتیی گازهەڵگری (GasChem) دەیگوازێتەوە، کە توانای بارکردنی دەگاتە 20 هەزار تۆن گازی شلی نیوە ساردکراو."
عیزەت سابیر گوتی، "ئەم کەشتییە بە گەورەترین و یەکەمین کەشتیی گازی شل دادەنرێت کە بەم قەبارەیە و بەم بڕە لە بەندەری خۆرزوبێرەوە بار دەکات. ئەم چالاکییە یەکەمە لە مێژووی کەرتی گازی شلدا و بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت، کە رۆڵی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەهێز دەکات."
ئەوە یەکەمجارە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە لە گازى شل (LPG) هەناردەی دەرەوە دەکات، دوای ئەوەی پێداویستیی نێوخۆیی لەو وزەیە پڕکردووەتەوە.
بریکاری وەزارەتی نەوتى عێراق بۆ کاروباری گاز رایگەیاند، "حکومەت و وەزارەتەکەی پەرۆشن بۆ زیادکردنی بەرهەمی گازی شل و هەناردەکردنی بڕە زیادەکەی بۆ بازاڕە تایبەتمەندەکانی دەرەوە. کەرتی گاز چالاکییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی داهاتی گەنجینەی دەوڵەت."
بەرهەمی کۆمپانیای گازی بەسرە لە گازی شل زیاتر لە شەش هەزار تۆنە لە رۆژێکدا و بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، دەیانەوێ بڕی بەرهەمهێنانی بۆ زیاتر لە هەشت هەزار تۆن لە رۆژێکدا بەرز بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ