دانوستاندنی هەولێر و بەغدا؛ داهاتی نانەوتی بەربەستە و یاسای بودجە كراوەتە گەرەنتی پارەی كۆمپانیاكان

25-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندی هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتى نانەوتى، بەهۆی ناکۆکی لەسەر رێژەکەی، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. یاسای بودجە وەکو گەرەنتیی شایستە داراییەکانیان خراوەتە بەردەم کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژێک لەبەردەم شاندە دانوستاندنکارەکەی نێوان هەولێر و بەغدا ماوە بۆ جێبەجێکردنی سێ پێشمەرجی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە دەبێت تاوەکو 26ی ئاب راپۆرتێک لەبارەیەوە رادەستی لیژنەی وەزاری و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو دانوستاندنانە بە رووداوی راگەیاند، "شاندی هەردوولا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتنى کۆتایی، هەردوولا لەسەر بۆچوونی خۆیان مکوڕن لەبارەی رێژەی ئەو داهاتە نانەوتییەی رادەست دەکرێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای 50%ی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان دەکات، بەڵام شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەیەوێت 50%ی داهاتە فیدراڵییەکانیان رادەست بکرێت."

ئەو سەرچاوەیە گوتی، "کێشە لەسەر چەند باجێک هەیە، کە لە پارێزگاکانی عێراق نییە و یاسای کارگێڕیی دارایی نایگرێتەوە، بۆیە هەولێر قایل نییە رادەستی بکات."

19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، بەڵام جێبەجێکردنی بەستەوە بە بەدیهێنانی سێ مەرجەوە، لەوانە: تیمە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانیان تەواو بکەن، چارەسەری تێبینییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیدا و دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتیی ڕادەستکراو.

ئەو سەرچاوەیەی رووداو ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر تاوەکو 19ی ئاب رێککەوتن نەکرێت، ئەگەری هەیە پرسەکە ببرێتە نێو ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە و بۆچوونەکان لەنێو راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا دەخرێنەڕوو.

ناکۆکیی بەغدا و هەولێر لەبارەی داهاتی نانەوتی، رادەستکردنی نەوتیشی دواخستووە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە بە رووداوی گوت، "رادەستکردنی نەوت پەیوەستە بە رێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی."

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیاکانی نەوتی راگەیاندووە کە گەرەنتی بۆ ئەو کۆمپانیایانە بەرامبەر بەوەی شایستەی داراییان پێبدرێت، یاسای بودجەی گشتییە، کە تێیدا ئەو پابەندبوونە داراییە دیاریکراوە.

بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

بەگوێرەی هەموارەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان 60 رۆژیان لەبەردەمە بۆ ڕێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکە، تاوەکو ئەو کاتەش کە کۆمپانیاکە خەمڵاندن بۆ نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات، دەبێت حکومەتی عێراق 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو بداتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "کێشەیەکی دیکە هەبوو پەیوەندیدار بوو بە تێچووی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەوە بۆ بۆریی هەناردەکردن کە هەر بەرمیلێک لەنێوان دۆلارێک بۆ سێ دۆلار تێدەچێت، بڕیارە بەغدا ئەو پارەیەش بگرێتە ئەستۆ."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زێڕێک

ئۆنسەیەک زێڕ 4,500 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی کانزای زەرد ئاستی دەروونناسی و هەستیاریی 4500 دۆلاری تێپەڕاند و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 4524 دۆلار.