رووداو دیجیتاڵ
بریکارى وەزارەتى نەوتی عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن رایگەیاند، رۆژانە لە عێراق 5 ملیۆن بەرميل نەوت بەرهەم دەھێندرێت، لەو بڕەش نزیکەى یەک ملیۆن بەرميلی بۆ پێداویستیی نێوخۆ دەپاڵێورێت.
عەلى بەهادلی، بریکارى وەزارەتى نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئاب لە کۆڕبەندێکی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی سەر بە وەزارەتەکە، کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەو ئامارەی ئاشکرا کرد.
عێراق رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە لە یاساى بودجەى گشتى دیاریکراوە بۆ دەستەبەرکردنى داهات بۆ ئەو بودجەیە.
بەهادلی رایگەیاند، پلانێکى ستراتیژیى وەزارەتى نەوت هەیە بۆ گاز، کە ماوەى 10 ساڵە کارى لەسەر دەکرێت لەسەر هەموو ئاستەکانى دەرهێنان، پاڵاوتن و دابەشکردنى. ئێستا نزیکەى سێ ملیار پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێندرێت و 70%ى گازى هاوەڵ-یش لە کێڵگەکانى نەوت بەرهەم دەهێندرێتەوە.
بریکارى وەزارەى نەوت بۆ کاروبارى دابەشکردن گوتى، "70%ى ئەو گازەى بۆ بەرهەمھێنانى کارەبا پێویستە، لە کێڵگەکان بەرهەم دەھێنرێت، ئەوى دیکەى لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت. بەو پێیەى کە لە هەڵکشان و داشکاندایە، توانرا لە رێگەى هاوردەکردنى گازى LNG ئەو پرسە چارەسەر بکرێت."
بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانیدا، عێراق پشت بە گازی ساردکراوەى LNG دەبەستێت. وێستگەکان توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەبایان هەیە، بەڵام لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی 54 هەزار مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ