رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوام دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، لیستی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی مووچەخۆران بە جۆرێک ئامادە کراوە کە تێبینییەکانی چاودێریی دارایی عێراق تێیدا رەچاو کراون.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 25-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەشێک لە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان درەنگ لیستی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات، جاروباریش لیستەکان کەموکوڕییان تێدا بووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت، ئەو شاندە تەکنیکییەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە چەند رۆژێکە لە بەغدایە، لیستی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی لەگەڵ خۆی بردووە؛ گوتیشی، لیستەکە بە جۆرێک ئامادەکراوە کە سەرنج و تێبنییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رەچاوکراوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە 23-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە مانگی دوو تاوەکو مانگی هەشت، بەغدا 815 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانی بە چەند بیانووێک بڕی، لەوانە نەبوونی بایۆمەتری، ناوی دووبارە و دوو مووچەیی.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو شاندە تەکنیکییە کە چووەتە بەغدا هەموو سەرنج و تێبنییەکانی لەبارەی لیستی مووچە چاککردووەتەوە و لیستەکەی لەگەڵ خۆی بردووە.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی، بەغدا 572 ملیاری لەو 815 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە و بڕیارە ئەوەی ماوە خەرجی بکات کە 243 ملیار دینارە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئاب پێبدرێت.
تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ