رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی لە نزیکەی 4108 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و هەرچەندە ئامارەکانی هەڵاوسان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی کانزای زەرد بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 4142 دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ رۆژی هەینی هێندە درێژەی نەکێشاو لە کۆتاییشدا بە دابەزین داخرا.
هەفتەی رابردوو دەبێتە یەکەم هەفتە لە ماوەی 10 هەفتەی رابردوودا کە نرخی زێڕ دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 دا بە رێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 4137 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تای وان، بازرگانی سەربەخۆی زێڕ لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر کە رۆژی هەینی بڵاوبوونەوە، هێندە هاندەر نەبوون بۆ ئەوەی نرخی زێڕ زیانەکانی هەفتەی رابردووی خۆی قەرەبوو بکاتەوە."
ئەو بازرگانە پێیوایە پێش ئەوەی نرخی زێڕ بتوانێت دووبارە ئاراستەی بەرزبوونەوەی خۆی دەستپێبکاتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا، نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی 9 دا لە ئاستی ساڵانە بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە کە کەمتر لە 3.1٪ کە پێشبینی کرابوو.
هەرچەندە ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا لە هەفتەی داهاتوو رێژەی سوودی بانکی کەمبکاتەوە، بەڵام پێشتر بازرگانان لە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دڵنیابوون.
لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ 3٪ ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
بەپێی شرۆڤەکاران، نزیکبوونەوەی چین و ئەمریکا هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕە لە هەفتەی رابردوودا.
فلیپ سترەیبڵ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( بلو لاین فیوچەرز)، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت ئاستی 4000 دۆلار بپارێزێت بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینی زیاتر بۆ نزیکەی 3850 دۆلار بەڕێگەوەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ