کێشەی نەختینە، بڕیاری بڕینی دەرماڵە دابەشکردنی مووچەی لە عێراق دواخستووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەمیی پارەی نەختینە و بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی بۆ بڕینى هەندێک لە دەرماڵەکان هۆکاری دواکەوتنی مووچەیە لە عێراق کە بەهۆیەوە ئەگەر هەیە مووچەی هەرێمی کوردستانیش دوا بکەوێ.
 
لە 23ی کانوونی دووەمەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگەی داوە، بەڵام هێشتا سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە دابەشکردنەکە لە رێگەی کارتی بانکی و  لە رێگەی بەجێکردنی مووچە دەکرێ.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە کێشەکانی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە، کێشەی کەمیی پارەی نەختینەیە کە چەند مانگێکە لە عێراق هەیە.
 
دوایین ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی 11 مانگی پار دەرکەوتووە، مانگانە تەنیا بۆ خەرجی بەکارخستن و مووچە پێویستی بە زیاتر لە 9.6 تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داهاتی نەوتی عێراق بۆ کانوونی یەکەمی 2025 گەیشتووەتە هەشت تریلیۆن دینار کە عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە پشتی پێ دەبەستێت.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە لە عێراق بڕیارێکی حکومەتی عێراقە بۆ بڕینی هەندێک لە دەرماڵەکان، بە رێژەی 50%ی دەرماڵەی بڕوانامەی باڵای ماستەر و دکتۆرا کە لە 2012 بڕیاری لێدراوە. 
 
ئەو بڕیارە نوێیە جۆرێک لە شڵەژاوی لەنێوان وەزارەت و دەستەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدرڵ دروست کردووە لە ئامادەکردنی لیستی مووچە بۆ مانگی کانوونی دووەم.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی ئەو رێکارەوە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواکەتووە، چونکە لیستی مووچە پێویستی بە گۆڕانکاری و رەزامەندیی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە کە بگەڕێتەوە بۆ کارکردن بە یاسایەک کە لە ساڵی 2008 دەرکراوە، کە بە گوێرەی ئەمە هەندێک لە دەرماڵەکان دەبڕدرێ، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی خەرجی.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕیارەی حکومەت یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە و وەزارەتی دارایی دەیەوێ لەبرى بڕیارەکە، یاساکەى 2008 جێبەجێ بکات.
 
25ی کانوونی دووەم، وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای لە زانکۆکانی عێراق کرد کە پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانیان. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقیش لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەبارەی پیادەکردنی داواکارییەکانی ئەو وەزارەتە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026 پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بە دۆخی ئابووری و مووچە بکات، کە یەکێک لە تەوەرەکان بڕیاری بڕینی بەشێک لە دەرماڵەکان و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەیە.
 
پێناسی نوێی گومرگ فریای داهات نەکەوتووە
 
لە یەکی ئەم مانگەوە عێراق لە دەروازە سنوورییەکان کاری بە پێناسی نوێی گومرگ کردووە کە بڕەکەی بەراورد بە پار زیادکردووە، ئەوەش لەپێناو زیادبوونی داهاتی نانەوتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجی.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، سەرەڕای ئەو پێناسە نوێیەی گومرگ، بازرگانەکان هەڵوێستەیان کردووە لە هاوردەکردنی کاڵا بەو هیوایەی کە بڕیارەکە بگۆڕدرێ، ئەوە جگە لەوەی ئەنجامی داهاتی ئەو رێکارە نوێیە بۆ مانگی داهاتوو دەردەکەوێت نەک ئەم مانگە.
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "ئەو رێکارەی حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی زیادکردنی گومرگ گرتوویەتییەبەر، بەگوتەی خۆیان، داهاتی نانەوتی لە 2.8 تریلیۆن دینارەوە دەکاتە 10 تریلیۆن لە ساڵێکدا، بەڵام ئەو زیادبوونە بەخێرایی روونادات؛ مانگانە نزیکەی 800 ملیار دینار دەبێت."
 
مووچەی هەرێمی کوردستان "دوا دەکەوێ"
 
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئاگادارکردنەوەیەکی بەغدایە بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 25ی کانوونی یەکەمی 2026 لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە تاوەکو ئێستا رێنمایی خەرجییەکانیان بۆ ئەم ساڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە پێ نەگەیشتووە و دەڵێ، "هیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و چاوەڕێی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵە."
 
ئەو رێنماییەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دەکات کە بە دەستی نەگەیشتووە، لە 9ی کانوونی دووەمی 2025ەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی خۆیان دەرکراوە، کە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت خەرجییەکان بکرێتە یەک لەسەر دوازدەی خەرجی 2025.
 
شێروان دووبەردانی دەڵێت، "بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە لە عێراق، ئەگەر هەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دوا بکەوێت، چونکە لە دوای دابەشکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەنێردرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بیتکۆین

یەک بیتکۆین بە 87 هەزار و 400 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێت

ئەمڕۆ نرخی بیتکۆین نزیکەی 1000 دۆلار بەرزبووەوە و یەک بیتکۆین بە 87 هەزار و 400 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.