رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتا رۆژی مامەڵەکاندا نرخی نەوت گەیشتەوە نزیکەی 67 دۆلار.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 32 سەنت بەرزبووەوە و بە 66.87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 23 سەنت بەرزبووەوە بە 63.02 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لەسەر ئاستی هەفتانە، نەوتی برێنت 1.6٪ و، نەوتی سووکی تەکساسیش 2.6٪ دابەزیون.
نیگەرانیی زیادبوونی خستنەڕووی نەوت بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێک پڵەس و، نیگەرانی لە شەڕی بازرگانیی ئەمریکا و چین، بوونەتە گوشار لەسەر نرخی نەوت.
ئۆلێ هانسن، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە بانکی ساکسۆ دەڵێت، "ئێستا بازرگانان پێیانوایە لە مەودای کورتخایەندا ئەگەرێکی دوورە نرخی نەوت بەرزببێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی شەڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی بەکاربەری گەورەی جیهان و گومانەکانی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی ئۆپێک پڵەس لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو".
میدیای ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە، بەشێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس پێشنیازیان کردووە لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکرێت، ئەوەش دەبێتە دووەمین مانگی لەسەریەک ئەو گرووپە بەرهەم زیادبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ