رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی دهۆک دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق رێگە نادات باری هاوردەکراو بۆ هەرێمی کوردستان ببرێتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانیش دەڵێت، بڕیارەکە "زیانی زۆر"ی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە و بووە بە هۆکاری چۆڵبوونی کۆگەکان.
لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی ئەم ساڵەوە، دوای چەند جارێک رێگەدان و رێککەوتنی کاتی، رێگەدان بە بارە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق راگیراوە، ئەوەش بە هۆکاری چەند مەرجێکی عێراق بۆ بازرگانان.
ژووری بارزگانیی دهۆک: رێگری لە بازگەکانی عێراق بەردەوامە
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بە پاساوی جیاواز رێگە نادات ئەو شتومەکانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ببرێنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک گوتی: "بابەتەکە زیاتر سیاسییە. حکومەتی عێراق دوای ئەو بڕیارە ئەگەر جێبەجێی بکرێت، هەنگاوی دیکە دەنێت؛ بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیارەکانی عێراقی پەسند نەکردوون."
بەگوێرەی بڕیاری حکومەتی عێراق، بازرگانانی هەرێمی کوردستان کە کاڵا هاوردە دەکەن، دەبێت لە 72 کاژێردا هەمووی بگەیێننە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
شوکری جەمیل ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بۆ بێکاریگەرکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانە؛ گوتیشی، "هەموو کارەکان لە عێراقەوە بکرێن، ئەی وەزارەت و لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کاریان چییە؟"
مەیسەم بۆڵانی، سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، 22ـی نیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بار و کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن، دەبێت سیل (قوفڵ)ی گومرگییان هەبێت. ئەو سیلە نابێت بکرێتەوە تاوەکو بارەکە دەگاتە بازگەی بەنداو کە دەکەوێتە نێوان دهۆک و موسڵ. لەوێ سیلەکە دەکرێتەوە."
سیل، قوفڵێکە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى، پێویستیشە لە ماوەی 72 کاژێر بگەیێندرێنە ئەو بازگانە.
هاوردە و ناردنکاران: بڕیارەکەی عێراق زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە
هەر ئەمڕۆ شەممە، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەیاندنی شتومەکی هاوردەکرا و لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی لە 72 کاژێردا بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان زۆر قورسە."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە کۆگەکان لە هەرێمی کوردستان چۆڵ بوون. بازرگانان لە پارێزگاکانی عێراق کۆگە دەگرن و شتومەک راستەوخۆ دەبەنە ئەوێ."
پێشتر کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان شتومەکیان هاوردە دەکرد، لە کۆگەیەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دایاندەنا و بەش بەش هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێت کە شتومەک هاوردە دەکەن، لەگەڵ گەیشتنیدا بە کیو ئاڕ کۆد و قوفڵی تایبەتەوە بیگەیێننە بازگەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ئەوەی رێگەی بردنی هەموو بارەکەیان پێکەوە پێ بدەن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی کۆگەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون "زیانێکی زۆر بەر هەرێمی کوردستان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کەوتووە."
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان ساڵانە 20 ملیار دۆلار شتومەک هاوردە دەکات و "بەشی زۆری" بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراقە و لەمەودوا دەبێت بەو مەرجانە لە هەرێمی کوردستانەوە ببرێنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
تاکە دەروازەی نێودەوڵەتی وشکانی کە عێراق و تورکیا پێکەوە ببەستێتەوە، دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ رووداو، لەبڕی 20 ملیار دۆلار هاوردەکردنی شتومەک بۆ هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هاوردەکردن لە تورکیاوەیە کە ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار.
لە 11ی ئادارى 2025ـەوە بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى راگەیاندووە و لەو کاتەوە کاری پێدەکرێت.
ژووری بارزگانیی هەولێر: رێگرییەکان بۆ لێدانە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێگری لە هەموو دەروازەکانەوە بەردەوامە، نەوەک تەنیا بۆ بەرهەمی هاوردەکراو، ئاستەنگی بۆ بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش دروست دەکرێت."
بە گوتەی ئە بەرپرسە، ئەو کارگانەی لە هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی فەرمیی عێراقیان وەرنەگرتبێت، یان مۆڵەتەکەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق پەسند نەکرابێت، رێگە نادرێت بەرهەمەکانیان ببەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی ژووری بارزگانیی هەولێر، بڕیارەکانی حکومەتی عێراق تایبەت بە هەناردەکردنی بەرهەم لەنێو هەرێمی کورستانەوە بۆ "لاوازکردن و لێدانە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ