رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆی و ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 3375 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە پێنوێنی دۆلار بەهۆی هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پارێزگارێکی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە، دابەزی.
ترەمپ هەڕەشەی کردووە لیزا کۆک، یەکێک لە 7 پارێزگارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، لە کارەکەی دووربخاتەوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 دا بە 3418 مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ترەمپ دووبارە بازرگانانی زێڕی خستووەتە دۆخی ئاگادارکردنەوەوە، دوای ئەوەی گوتی کە لیزا کۆک لە کارەکەی دوور دەخاتەوە."
واتێرێر دەڵێت: "لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، خواستی بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بەرزکردووەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا خوازیارە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی سوودی بانکی دابەزێنێت و هەوڵدەدات لە رێگەی گوشار دروستکردن بۆ پارێزگاران و سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنیت.
لە کۆبوونەوەی پێشووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر بازاڕی کار روو لە سستبوونەوە بکات، دەست بە دابەزینی سوودی بانکی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ