پلانی ئابووریی ترەمپ و هاریس بۆ ئەمریکا چییە؟

26-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

10 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا ماوە کە سیاسەتەکانی کەسی براوە رەنگدانەوەی لەسەر گەورەترین ئابووریی جیهان دەبێت.
 
سەرنجی پلانە ئابوورییەکەی ترەمپ لەسەر زیادکردنی پێناسی گومرگی، کەمکردنەوەی باج، بەرهەمهێنانی وزەی زیاتر و سەلامەتیی گشتی و کۆچبەرانە؛ سەرنجی پلانە ئابوورییەکەی هاریسیش لەسەر سنوورداکردنی نرخ، هەرزانکردنی تێچووی نیشتەجێبوون، پشتیوانی بۆ خێزان و منداڵ و کەمکردنەوەی تێچووی چارەسەر و دەرمانە.
 
ترەمپ لە پلانەکەیدا زۆرترین گرنگیی بە پاراستنی پیشەسازییەکانی وڵاتەکەی دەدات بۆئەوەی ئابوورییە رکابەرییەکان نەتوانن لە بایەخیان کەمبکەنەوە، هەروەها گرنگی بە کەمکردنەوەی باج دەدات.
 
گرنگترین خاڵەکانی پلانی ئابووریی ترەمپ ئەمانەن:
 
- زیادکردنی پێناسی گومرگی: ترەمپ دەیەوێت پێناسی گومرگی لەسەر بەرهەمی هاوردە زیاد بکات، بەتایبەتی لەسەر بەرهەمی چینی. ترەمپ دەڵێت، ئامانج لەمە زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە بەرهەمی دەرەکی.
 
- کەمکردنەوەی باج: ترەمپ دەیەوێت باج لەسەر خەڵک و دامەزراوە ئەمریکییەکان کەمبکاتەوە، لەوانەش دەیەوێت بە تەواوی باج لەسەر بەخشیش نەهێڵێت، چونکە لە ئەمریکا ئەو بەخشیشەی لە چێشتخانە، قاوەخانە و شوێنەکانی دیکە بە کرێکار و کارمەندەکان دەدرێت، بە بەشێک لە داهات هەژمار دەکرێت و باجی لەسەرە.
 
- بەرهەمهێنانی وزەی زیاتر: ترەمپ دەیەوێت بەرهەمهێنانی وزە لە نێوخۆی ئەمریکا زیادبکات، واتە نەوت، گاز، خەڵووز و هەموو سووتەمەنییەکانی دیکە بۆ ئەوەی سووتەمەنی هەرزان بێت.
 
- سەلامەتیی گشتی و کۆچبەران: ترەمپ دەیەوێت پارەی زیاتر لە سەلامەتیی خەڵکی ئەمریکا خەرجبکرێت و وەرگرتنی کۆچبەر و پەنابەران کەمبکاتەوە، چونکە پێیوایە، کەمبوونەوەی کۆچبەران یارمەتیدەردەبێت لە هەرزانکردنی خانوو و شوقە و زیادبوونی دەرفەتی کار بۆ ئەمریکییەکان.
 
هەرچی کامالا هاریسە زیاتر گرنگی بە کەمکردنەوەی نرخی خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی نیشتەجێبوون و زیادکردنی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەدات.
 
گرنگترین خاڵەکانی پلانی ئابووریی هاریس ئەمانەن:
 
- سنوورداکردنی نرخ: هاریس دەیەوێت بە بڕیارێکی فیدراڵی لە هەموو ویلایەتەکان بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان قەدەخە بکات و ئەو فرۆشگەیانە سزا بدات کە نرخ زۆر بەرزدەکەنەوە.
 
- هەرزانکردنی تێچووی نیشتەجێبوون: هاریس پلانی وایە 3 ملیۆن خانوو و شوقە دروستبکات بۆ ئەوەی بە نرخێکی کەم بفرۆشرێن بەوانەی یەکەمجارە دەیکڕن؛ هەروەها دەیەوێت سنوورێک بۆ کۆمپانیاکانی خانووبەرە دابنێت بۆ ئەوەی نەتوانن بە کۆمەڵەی گەورە خانوو و شوقە بکڕن تاوەکو نرخیان گران نەبێت.
 
- پشتیوانی بۆ خێزان و منداڵ: هاریس دەیەوێت لە یەک ساڵی تەمەنی هەر منداڵێکی نوێدا، شەش هەزار دۆلار بە خێزانەکان بدات، واتە هەر خێزانێک منداڵێکی نوێی ببێت، لە یەکەم ساڵی تەمەنی ئەو منداڵەدا حکومەت شەش هەزار دۆلار بە خێزانەکە دەدات. هەروەها دەیەوێت یارمەتیی دارایی بۆ خێزانەکان زیاتر بکات.
 
- کەمکردنەوەی تێچووی چارەسەر و دەرمان: خانمە بەربژێرەکە دەڵێت ئەگەر ببێتە سەرۆک، نرخی دەرمان و چارەسەر کەم دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەشق، هاووڵاتییان بەبۆنەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8-12-2024 خۆشی دەردەبڕن، وێنە:  LOUAI BESHARA / AFP

داڕمانی ئابووری، دەسەڵاتی ئەسەدی کلۆر کردبوو

هەرچەندە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 بەدواوە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی بەدەستەوە نەما، بەڵام داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتە جگە لە فاکتەرە سیاسی و ئەکتەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، یەکێکە لەو هۆکارانە بوو کە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنا.