ئابووری
ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا. وێنە: Rajat Gupta/EPA
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، هیندستان و یەکێتیی ئەورووپا کۆتاییان بە چاوەڕوانییەکی 20 ساڵە هێنا و گەورەترین رێککەوتنی بازرگانییان راگەیاند، کە بەهۆیەوە بازاڕێکی هاوبەش بۆ نزیکەی دوو ملیار کەس دروست دەبێت.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و بەرپرسانی باڵای ئەورووپا هیوادارن ئەم رێککەوتنە یارمەتیان بدات تاوەکو بتوانن رکابەریی ئابووریی ئەمریکا و چین بکەن.
بەپێی رێککەوتنەکە، پێناسی گومرگی لەسەر 97٪ی ئەو کاڵایانە نامێنێت یان کەم دەکرێتەوە کە لە ئەورووپاوە دەچنە هیندستان. ئەمەش ساڵانە نزیکەی 4 ملیار یۆرۆ بۆ بازرگانان دەگەڕێنێتەوە.
مۆدی لە شاری نیودەلهی لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە و گوتی: "ئەمە دایکی هەموو رێککەوتنەکانە. دەرفەتێکی زۆر بۆ 1.4 ملیار هاووڵاتی هیندستان و ملیۆنان هاووڵاتی ئەورووپا دەڕەخسێنێت."
هەرزانبوونی ئۆتۆمبێل و شوکولاتە
ئەم رێککەوتنە گۆڕانکاری گەورە لە نرخی کاڵاکاندا دەکات:
- ئۆتۆمبێل: پێشتر باجی گومرگی سەر ئۆتۆمبێلە ئەورووپییەکان لە هیندستان دەگەیشتە 110٪، بەڵام ئێستا وردە وردە کەم دەکرێتەوە بۆ 10٪.
- خواردنەوە کحولییەکان: باجەکەی لە 150٪ـەوە بۆ 20٪ کەم دەبێتەوە.
- خۆراک: باجی گومرگ لەسەر خۆراکە دروستکراوەکانی وەک ماکەرۆنی و شوکولاتە نامێنێت، کە پێشتر 50٪ بوو.
سوودی بۆ هیندستان چییە؟
مۆدی رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە بۆ هیندستانیش زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ فرۆشتنی ئاوریشم، خشڵ، زێڕ و کاڵا چەرمییەکان بە ئەورووپا. هەروەها هیندستان دەیەوێت لەم رێگەیەوە تەکنەلۆژیای نوێی دەستبکەوێت و ژێرخانی وڵاتەکەی پێش بخات.
دوورکەوتنەوە لە رووسیا
هیندستان کە دەیەوێت ببێتە چوارەم گەورەترین ئابووری جیهان، لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵدەدات کەمتر پشت بە چەکی رووسیا ببەستێت و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە فراوانتر بکات.
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە هەردوولا دەیانەوێت بازاڕی نوێ بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا باجی لەسەر کاڵاکان زیاد کرد و چینیش کۆت و بەندی خستە سەر هەناردەکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ