رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاى سۆمۆ پێشتر گرێبەستى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆکردووە، سەرەتاش رۆژانە 185 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند رێککەوتن کراوە بۆ رادەستکردن و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان وەک ئەوەى لە یاساى بودجە و هەموارى یاساکە دا کراوە، کە ئاسانکارى بۆ ئەو رێککەوتنە کرد.
2ـی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
حەیان عەبدولغەنى ئاماژەى بەوە دا، لە چەند رۆژى رابردوودا شاندێکى وەزارەتى نەوت لە هەرێمى کوردستان بووە، دانوستاندن و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، بۆ خێراکردنى پرۆسەى بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوت.
حەیان عەبدولغەنى گوتی، پابەندى لەنێوان حکومەتى عێراق و تورکیا هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی هێڵى هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە.
ئەو گوتانەى حەیان عەبدولغەنى لە چاوپێکەوتنێکیدا بوو لەگەڵ میدیاى فەرمیی عێراق، کە شەوی 26ـی شوباتى 2025 بڵاوکراوەتەوە.
وەزیرى نەوت گوتى "لیژنەى تایبەت پێکهێنراوە بۆ پێوانەکانى نەوتى بەرهەمهێنراو هەناردەکراو لە رێگەى ئەو هێڵەوە؛ لە خاڵى پێشخابوور تاوەکو دەچێتە تورکیاوە، پێوانەى ئەو نەوتە لە بەندەرەى جەیهان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەى هەمان بڕى بەرهەمھێنراو و نێردراوە، کە لە هەرێمى کوردستان گەیشتووە."
بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
وەزیرى نەوتى عێراق راگەیاند، لایەنى بەرپرس لە هەناردەى نەوت، کۆمپانیاى سۆمۆیە و پێشتر گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە بۆ کڕینى ئەو نەوتە، بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
حەیان عەبدولغەنى گوتى "لەگەڵ وەزیرى سامانە سرووشتییەکان پەیوەندیم کردووە بۆ پەلەکردن لە هەناردەکردنەوەى نەوت و پێى راگەیاندم لە رۆژێک یان دوو رۆژ، دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوت دەکرێت و چەند پرسێکى تەکنیکى هەیە کە چارەسەردەکرێن. چاوەڕێى ئاماژەى هەرێمى کوردستانین بۆ دەستپێکردنەوەى، وەک قۆناخى سەرەتا رۆژانە 185 هەزار بەرمیل دەبێت و دواتر زیاد دەکرێت، هیوامان وایە زیاتر بێت لە 300 هەزار بەرمیل."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ