رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەگەر ئەو قەیرانی وزەیەی بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دروست بووە درێژە بکێشێت، رەنگە ئەڵمانیا ناچار بێت بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خەڵووز بەکاربهێنێت.
ئەڵمانیا لە چوارچێوەی پلانی پاراستنی کەشوهەوادا پابەندی خۆی نیشان داوە بەوەی تاوەکو ساڵی 2038 بە یەکجاری کۆتایی بە بەکارهێنانی خەڵووز بهێنێت، بەڵام فرێدریش مێرتس لە کۆڕبەندێکدا لە فرانکفۆرت گوتی، "دەبێت کارەبا بۆ ئەم وڵاتە دابین بکەین. من ئامادە نیم کرۆکی پیشەسازیی وڵاتەکەمان بخەمە مەترسییەوە تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیارمان لەسەر پلانێکی کشانەوە داوە کە ئێستا بووەتە کارێکی ناواقیعی."
ئەڵمانیا کە گەورەترین ئابووریی ئەورووپایە، بۆ چەندین دەیەیە هەوڵی گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە دەدات بۆ وزەی پاک (با و خۆر) و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان و وزەی ئەتۆم. هەرچەندە حکومەتەکەی مێرتس بەڵێنی داوە پابەندی ئامانجە ژینگەییە نیشتمانییەکان بێت، بەڵام ئێستا بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی خستووەتە پێش هەندێک لە دەستپێشخەرییەکانی وزەی سەوز.
گۆڕانکاری لە سیاسەتە ژینگەییەکاندا
لە سەردەمی حکومەتی مێرتسدا، ئەڵمانیا هەوڵی داوە یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ راگرتنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان شل بکاتەوە، هەروەها پێشنیازی بڕینی پاڵپشتیی دارایی بۆ پانێڵەکانی خۆری سەر باڵەخانەکان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای سیستمی گەرمکەرەوەی سەوزی کردووە.
کاسێرینا رایخە، وەزیری ئابووری و وزەی ئەڵمانیا، ئەم هەفتەیە لە کۆنفرانسێکی نەوت و گاز لە تێکساس داوای "نەرمی" زیاتری لە پلانەکانی یەکێتیی ئەورووپا کرد بۆ گەیشتن بە بێلایەنیی کاربۆن تاوەکو ساڵی 2050، ئەمەش ناڕەزایەتیی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێکەوتەوە.
داهاتووی وزەی ئەتۆم
سەبارەت بە وزەی ئەتۆم، کە لە سەردەمی ئەنگێلا مێرکلدا و دوای کارەساتی فۆکۆشیمای 2011 بڕیاری داخستنی درا، مێرتس رایگەیاند کە ئەو ریاکتەرانەی لەکار خراون، بەهۆی گرفتی تەکنیکی هەر بە داخراوی دەمێننەوە.
بەڵام مێرتس ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیەوێ ئەڵمانیا بەشداری لە لێکۆڵینەوە لەسەر ریاکتۆرە ئەتۆمییە بچووکەکان و بنیاتنانی ریاکتەری "یەکگرتنی ئەتۆمی" بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ