بەغدا سکاڵا لە دژى گرێبەستەکەى هەرێمى کوردستان تۆمار دەکات

27-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى نەوتى عێراق لە دادگەیەکى بەغدا سکاڵاى لە دژى ئەو گرێبەستە تۆمار کردووە، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژۆی کردووە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتى گاز. ئەندامێکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمان دەڵێت: "سکاڵاکە لە دژى کۆمپانیاکانە".
 
رۆژی سێشەممە، 27ى ئایارى 2025، باسم غرێباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "سکاڵاکەى وەزارەتى نەوت لە دژى گرێبەستەکەى هەرێمى کوردستان لە دادگەى بازرگانى تۆماری کردووە و ئەو جۆرە سکاڵایانە لەسەر کۆمپانیاکان تۆمار دەکرێن".
 
19ـی ئایارى 2025، لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەست لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە ناوەکانی وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کران کە تایبەتن بە کەرتى گاز.
 
هەفتەى رابردوو وەزارەتى نەوت دوو راگەیێنراوى لەبارەى ئەو رێککەوتنە دەرکرد، دواترینیان لە 23ى ئایارى بوو کە تێیدا دەڵێت: "هیچ رێگری و تێبینییەکمان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەڵام مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ ئێمە نادەستوورییە".
 
دادگەى بازرگانیى عێراق تایبەتە بە تاوتوێکردنى ئەو سکاڵایانەى پەیوەندیدارن بە ناکۆکى لەسەر پرسى بازرگانی و وەبەرهێنان و  گرێبەستەکانى فرۆشتن و هاوبەشی. 
 
باسم غرێباوى گوتى، "نیەتێک لە وەزارەتى نەوت هەیە کە لەسەر هەمان پرس سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى لە دژى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆماربکات و داواى فەرمانسالارییەک بکەن بۆ راگرتنى گرێبەستەکە".
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بوو، کە ئەو رێککەوتنەی واژۆیان کردووە گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو "پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان داناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رووداوى گوت: "تاوەکو ئێستا ئاگادارینامەى تایبەت بەو سکاڵایەمان لەلایەن دادگەى بازرگانیى عێراقەوە پێ نەگەیشتووە" .
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە