ئابووری
ساتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. وێنەکان: پەیجی فەیسبووکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رۆڵی عێراق لە رێکخراوی ئۆپێکدا بەهێز دەکات. هاوکات جەختیشی کردەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان مافی نییە نەوت لە دەرەوەی میکانیزمە پەسندکراوەکان بفرۆشێت، رێککەوتنەکەش مافەکانی دەوڵەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان مسۆگەر دەکات.
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای ماوەیەکی درێژ، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی شاندی دانوستاندنکاری هاوبەشەوە گەیشتنە رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا کارپێکەرەکانی کێڵگە نەوتییەکانی نێو هەرێمی کوردستان. رێککەوتنەکە بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، پشتگیریی ئەنجوومەنی وەزیران و بەدواداچوونی بەردەوامی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، ئەنجامدراوە.
بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان گوتیشی، "ئەم رێککەوتنە سەروەریی حکومەتی فیدراڵی لە مامەڵەکردن و هەناردەکردنی نەوتدا دەچەسپێنێتەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاساکانی عێراق و یاسای بودجەدا بگونجێت. وەکو قۆناخی یەکەم، 190 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە وەردەگرین و 50 هەزار بەرمیلیشی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە."
باسم محەممەد خزەیر ئاماژەی بەوەش دا، "نەوتەکە لەڕێگەی تۆڕی بۆریی نیشتمانی و هێڵی هەناردەکردنی عێراق - تورکیاوە دەبێت، هەروەک چۆن نەوتی باشوور و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشرێت و هەناردە دەکرێت. سامانەکانی نەوت بەگوێرەی یاسا و دەستوور و لە چوارچێوەی سیاسەتێکی رووندا بەڕێوەدەبرێن. رێککەوتنەکە شەفافییەتی زیاتر دابین دەکات و داهاتی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت زیاد دەکات."
خزەیر جەختی لەوە کردەوە، "رێککەوتنەکە رۆڵی عێراق لە ئۆپێک و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێز دەکات و لە داهاتووشدا پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدەدرێت. رێککەوتنە سێقۆڵییەکە سەرجەم ئەو پابەندییانەی دیاری کردووە کە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە مسۆگەر دەکات. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان مافی نییە نەوت لە دەرەوەی میکانیزمە پەسندکراوەکانی عێراق بفرۆشێت."
بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان رایگەیاند، "حکومەتی عێراق، بەگوێرەی یاسای بودجە، پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان کە 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. رێککەوتنەکە مافەکانی دەوڵەتی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا کارپێکەرەکان مسۆگەر دەکات."
لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە. لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ