رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا بەڕێژەی 0.7٪ دابەزی و یەک ئۆنسەی بە نزیکەی 4070 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نزیکبوونەوەی چین و ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕن.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 1٪ دابەزی بۆ نزیکەی 4095 دۆلار.
بەهای دۆلار بەرامبەر بە یەنی ژاپۆنی گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆی.
رۆژی یەکشەممە بەرپرسانی باڵای چین و ئەمریکا لەسەر چوارچێوەیەک رێککەوتن کە دەکرێ لە کاتی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ پەسندبکرێت.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەک بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی چین و ئەمریکا، بازاڕەکانی تووشی سەرسووڕمان کردووە."
رۆدا دەڵێت، رێککەوتنەکە بە شێوازی نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "هەستی نێو بازاڕی زێڕ ئێستا بێ لایەنییە، بەڵام ئەگەر هاتوو بەو شێوازی کە پێشبینی دەکرێت، سیاسەتی نەختی نەرم بکرێتەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ دووبارە روو لە بەرزبوونەوە دەکاتەوە."
رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات و پێشبینی دەکرێت رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ کەمبکاتەوە.
رێژەی سوودی کەم بە شێوازێکی گشتی بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆ بەمشێوەیە:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=880,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=840,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=720,000
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ