وەزیری پێشووی کارەبای عێراق: گوشارەکانی ئەمریکا مەترسی لەسەر ئابووریی عێراق دروست دەکەن

28-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پێشووی کارەبا و ئەندامی ئەنجوومەنی وزەی فیدراڵی لە حکومەتی پێشووتری عێراق رایدەگەیێنێت، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی عێراق پشت بە کارەبای ئێران نەبەستێت، مەترسی لەسەر ئابووریی عێراق و سیاسەتی عێراق بە گشتی دروست دەکات. 
 
رۆژی هەینی، 28ـی شوباتی 2028، سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بەڕێوەچوو، کە ناوەندی رووداو بۆ توێژینەوە رێکیخستووە.
 
لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا پانێلێک لەژێر ناونیشانی 'رێکخستنی خواستەکانی نەوت و گاز و داهاتووی گواستنەوەی وزە لە عێراق' بەڕێوەچوو. لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبا و ئەندامی ئەنجومەنی وزەی فیدراڵی لە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لە عێراق بەشدار بوو. 
 
لوئەی خەتیب باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و لەوبارەیەوە گوتی: "تاکە چارەسەر ئەمەیە کە بە گوێرەی دەستووری تیشخک بخرێتە سەر بەرەوپێشبردنی یاسا فیدرالییەکان و دامەزراوە فیدرالییەکان بۆ ئەوەی هەموو لایەک پابەندی رێککەوتنەکان بن."
 
لوئەی خەتیب ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و گوتیشی: "هەروەک کاک نێچیرڤان بە دروستی باس کرد، دەستوورەکەمان بە نووسراو فیدرالییە، بەڵام کاتێک کە دێتە سەر جێبەجێکردنی، دەستوورەکە مەرکەزییە. یەکێک لە کێشە گەورەکانیش ئەوەیە کە بەغدا بە چاوی مەرکەزی سەیری فیدراڵی دەکات. ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتەکان لە کوردستان بە چاوی کۆنفیدرالییەوە سەیری فیدرالیی دەکەن. هەردوو لایەن وەکو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێکردووە سەیری پرسەکان ناکەن."
 
نێچیرڤان بارزانی لە یەکەمین رۆژی کۆڕبەندەکە لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رەخنەی لە سیستمی فیدراڵیی عێراق گرت و گوتی: ''گەورەترین کێشەیەک کە هەمانە، ئەوەیە کە بە ناو سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە، بەڵام لە پراکتیزەکردن و جێبەجێکردنیدا، ئەوەی کە لە عێراق دەکرێت، هەموو شتێکە، تەنیا فیدراڵی نییە، ناوەندییەکی یەکجار زۆر ناوەندییە."
 
لەبارەی گوشارەکانی ئەمریکاش بۆ ئەوەی عێراق کۆتایی بە هاوردەکردنی کارەبا و گازی ئێران بهێنێت، لوئەی خەتیب گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی سەر عێراق، ئەگەر ئەمریکا رژد بێت لەسەر ئەوەی پشتبەستنی عێراق بە کارەبا و گازی ئێران نەهێڵێت، دەکرێت ئەمە بۆ ئابووریی عێراق و سیاسەتی عێراق بە گشتی زۆر مەترسیدار بێت. تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی یاخود فەرمانێکی سەرۆکایەتی لەسەر ئەم پرسە نەهاتووە، بەڵام دەکرێت ئەمە لە هەفتە یاخود مانگەکانی داهاتوو رووبدات."
 
ئەمریکا ساڵانێکە داوا لە عێراق دەکات خۆی لە هەژموونی ئێرانی دراوسێی رزگار بکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چیدیکە لە چوارچێوەی داواکاریدا نەمێنێتەوە؛ لەبری ئەوە بە سزا گوشار بخاتە سەر حکومەتی سوودانی.
 
لە ساڵی 2018ـەوە، ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی بۆ عێراق نوێکردووەتەوە تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند پارچە زێڕێک

ئۆنسەیەک زێڕ 4,500 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی کانزای زەرد ئاستی دەروونناسی و هەستیاریی 4500 دۆلاری تێپەڕاند و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە بۆ 4524 دۆلار.