رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 93 دۆلار بەرزبووەوە و بە 5278 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. دامەزراوەیەکیش دەڵێت، دەگاتە 6 هەزار دۆلار.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 8.5٪، یاخود 445 دۆلار بەرزبووەتەوە. تەنیا لە هەفتەی رابردووشدا 170 دۆلار بەرزبووەتەوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەبەرهێنەران زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" دەبینن لە کاتێکدا ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری جیهانی گرتووەتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەم مانگەدا، تووندبوونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بوو. واشنتن ژمارەیەکی زیاتر لە کەشتییە جەنگییەکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناردووە و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تاران مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی قبووڵ نەکات، رووبەڕووی بژاردەی سەربازی دەبێتەوە.
هەرچەندە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی نێوان هەردوو وڵات بەبێ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی تەواو بوون، بەڵام هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامیی گفتوگۆکان پێشانداوە، ئەمەش جۆرێک لە گەشبینی دروستکردووە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە کە وایانکردووە نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە
هۆکارێکی دیکە، بڕیارێکی دادگەی باڵای ئەمریکا بوو کە تێیدا زۆربەی ئەو پێناسە گومرگییانەی هەڵوەشاندەوە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەپاندبوونی. ترەمپیش وەک کاردانەوەیەک، هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیی نوێی کردووە، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکان لە نادڵنیاییەکی گەورەدا بن.
هاوکات، دابەزینی نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد وایکردووە وەبەرهێنەران سەرمایەکانیان لە بازاڕی پشکەکان بکێشننەوە و روو لە کڕینی زێڕ بکەن.
جۆزێف کافاتۆنی، ستراتیژیناسی باڵای بازاڕ لە ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ دەڵێت، "کاتێک مەترسی لە بازاڕی پشکەکاندا دەبینرێت، خەڵک دووبارە روو لە کڕینی زێڕ دەکەنەوە. ئێمە ئەم خواستە زۆرە لە ئەمریکا و ئاسیا بە روونی دەبینین."
لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوەی دارایی "بێرنشتاین"ـی ئەمریکی پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی زێڕ لەسەر ئاستی درێژخایەن گۆڕی و رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی خواست لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، نرخی زێڕ بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەم دامەزراوەیە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە ساڵی 2026 دەگاتە 4,800 دۆلار و تاوەکو ساڵی 2030ـش ئاستی پێوانەیی 6,100 دۆلار تۆمار دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە راپرسییە نوێیەکان دەریدەخەن 95٪ی بانکە ناوەندییەکانی جیهان پلانیان هەیە یەدەگی زێڕی خۆیان زیاد بکەن و لە بەرامبەردا پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی کەم بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ