نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی هەشت مانگی رابردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین رۆژی هەفتەی مامەڵەی بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 2.87٪، یاخود 2.03 دۆلار بەرزبووەوە و بە 72.87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. پێش داخرانی بازاڕەکان، برێنت ئاستی 73 دۆلاریشی تێپەڕاندبوو.
 
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 2.78٪، یاخود 1.81 دۆلار بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
شاندی دانوستاندنکاری ئێران و ئەمریکا هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک. ئەمەش وایکردووە ترس لە پچڕانی هەناردەی نەوت لە ناوچەکەدا زیاد بکات.
 
هەرچەندە هەردوولا رێککەوتوون لەسەر درێژکردنەوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بۆ هەفتەی داهاتوو، بەڵام گومانێکی زۆر لای بازرگانان دروستبووە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بتوانێت لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن.
 
فیل فلین، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای 'پرایس فیوچەرز گرووپ' دەڵێت: "ئەگەرێکی زۆر دوورە ئێران مەرجەکانی ئیدارەی ترەمپ قبووڵ بکات، بازاڕیش وا هەست دەکات کە بەرەو قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و مەترسیدار دەڕۆین."
 
ئێستا نرخی نەوتی خاوی برێنت و نەوتی سووکی تەکساس لە بەرزترین ئاستی خۆیاندان لە دوای مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی رابردووەوە. 
 
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری نەوت لە دامەزراوەی (PVM) رایگەیاند، "نادڵنیایی و ترس نرخەکان بەرەو سەرەوە دەبەن. دۆخەکە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە چارەنووسی گفتوگۆکان و ئەگەری هەر کاردانەوەیەکی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران."
 
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 19ی شوباتدا هۆشداری دابووە ئێران کە دەبێت لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا رێککەوتن بکات، ئەگەرنا "شتێکی زۆر خراپ" روودەدات.
 
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 8 بۆ 10 دۆلار وەک "باجی مەترسیی جیۆسیاسیی" چووەتە سەر نرخی هەر بەرمیلێک نەوت، ئەمەش بەهۆی ترسی پەککەوتنی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز، کە نزیکەی 20٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
 
بۆ بەرگرتن لە هەر شۆکێکی گەورە لە بازاڕی نەوتدا، هەریەکە لە ئیمارات و سعودیە ئامادەکاری دەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت. هاوکات بڕیارە لە 1ی ئاداری داهاتوودا، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و تاوتوێی زیادکردنی 137 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ مانگی نیسان بکات، ئەوەش بە مەبەستی سەقامگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە