رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرینەی کێشە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە وردبینیی دارایی و لیستی مووچە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بوونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی بەڵگە و داتاکان، حکومەتی فیدراڵ قەرزداری هەرێمی کوردستانە، نەوەک بە پێچەوانەوە.
د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا رایگەیاند، "تیمەکانی دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان و بەغدا کارێکی زۆریان کردووە و توانیویانە زیاتر لە 90%ی تێبینییە هونەرییەکانی تایبەت بە لیستی مووچە، داهات و خەرجییەکان چارەسەر بکەن. ئێستا متمانەیەکی باش لەنێوان هەردوو لایەن دروستبووە و زۆربەی کێشەکان کە ئەنجامی دابڕانی دارایی ساڵانی رابردوو بوون، یەکلایی کراونەتەوە."
لەبارەی داهاتی ناوخۆ و رادەستکردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بە بەغداش، زراری ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕە پارەیە لە مافی راستەقینەی بەغدا زیاترە، "ئەو 120 ملیارە مافی بەغدا نییە و بۆ هەرێمی کوردستان زۆرە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆران دوانەکەوێت، هاتووەتە ژێر باری ئەو رێککەوتنە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی چەند خاڵێکی وەک بەڵگە هێنایەوە کە "نادادیی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەسەلمێنن"، لەوانە:
1- بەکارهێنانی رێژەی 12.67% بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەپێی دانیشتووان دەبێت 14.14% بێت.
2- تۆمارنەکردنی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی خەرجیی گشتیی عێراق، کە ئەمە پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.
3- نەبوونی داتای ورد و شیکاری لەسەر خەرجییە سەروەرییەکان، کە پشکێکی زۆری بودجە دەبەن.
4- هەژمارنەکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و تەنیا وەرگرتنی داهاتەکەی.
رووداو: کاتێک تەماشای هەموو رێککەوتنەکانی رابردوو دەکەین، هەمیشە خاڵێکی کۆتایی تێدایە دەڵێت دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری فیدراڵی دەبێت چاودێری بکەن. ئەرکێکی گەورەی پێداچوونەوە دراوە بە ئێوە، بەتایبەتی ژمارەکان کە خودی ژمارەکان بەشێکی کێشەکەن لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئەرکەکە دراوە بە ئێوە. کاتی خۆی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەش خرابووە سەر ئێوە، لەم چەند ساڵەدا چیتان کردووە لەگەڵ دیوانی چاودێری عێراق؟ ئەو پرسانەی یەکلاتان کردووەتەوە کامانەن؟ ئەوەی ئێستا ماوەتەوە کامانەن؟
د. محەممەد زراری: بەداخەوە ئەو بابەتەی باست کرد وەکو ئەرک کە خراوەتە سەر دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و ئیتیحادی، بە راستی ئەوە نەدەبوو بەو شێوازە بێت. هەر بابەتێک وەکو جەنابت باست کرد بڕیاری لەسەر بدرێت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیتیحادی کە ئەو بابەتە بکرێت و دیوانی چاودێری دارایی بیکات، خۆی کاری دیوانی چاودێری دارایی پاش رووداوەکەیە بە راستی. واتە وردبینی لە دوای رووداو نەک لە کاتی کارکردن. بەڵام ئەوە لەبەر ئەوە دەکرێت کەوا شتەکە زیاتر جێی باوەڕ بێت کە هەردوو دیوانی چاودێری دارایی تێیدا بوون، بە راستی هەر کارێک کەوا رێککەوتنێکی لەسەر دەکرێت زیاتر جێی باوەڕ دەبێت، با بڵێین لایەنگری تێدا نابێت و زیاتر پلەی سەربەخۆیی وەردەگرێت. ئێمە لە ماوەی رابردوو هەردوو تیمی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023 ژمارە 13، لەوێ ئێمە ئەرکێکمان پێسپێردرا کە هەردوو دیوان بە سێ مانگ جارێک بە شێوەی وەرزی (فصلی) وردبینی بکەین لە داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستان، هەردووکی. ئەو بابەتەمان کردووە، تەقریبەن هەمووی تەواو بووە. ئەگەر بێین سەیری بکەین لە سەرەتاوە کە ئێمە وەک هەردوو تیم دەستمان بە کارەکان کرد، کۆمەڵێک تێبینی هەبوو لەسەر هەندێک بابەتی هونەری لە رووی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان. ئەو بابەتانە دەتوانم بڵێم زیاتر لە 90% نزیک لە 100% ئێمە توانیمان هەمووی چارەسەر بکەین بە هەردوو تیم. ئەو تێبینییانەی هەبوون تێبینی هونەری بوون، هەر بگرە لە بابەتی سیستەمی مووچە یان لیستی مووچە، هەروا لە رووی داهات، لە رووی خەرجی و نیزام موڕاجەعە، ئەو بابەتانە زۆربەی زۆری کێشەکان کە هەبووە لە نێوان هەرێم و بەغدا ئێمە چارەسەرمان کردووە. ئەو کێشانەش دەرئەنجامی چی بوون؟ بێینە سەر راستی ئەو کێشانە لە ساڵی 2014وە کاتێک بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا لە لایەن حکومەتی فیدراڵی، لەو کاتەوە گاپێک دروست بوو، با بڵێین بۆشاییەک دروست بوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. ئەو شەش حەوت ساڵە بە ڕاستی، لە ماوەیەکی زۆر، لە 2014 دەتوانم بڵێم تاوەکو 2023، هەردوو حکومەت پەیوەندییەکی ئەوتۆیان نەبوو لە رووی داراییەوە. ناوبەناو لەوانەیە هەندێک تەمویل هاتبێت بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2018 و 2019 و ئەوانە، بەڵام هەندێک ساڵ هەبووە تەنانەت یەک دیناریش بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بۆ نموونە ساڵی 2021 و 2022 یەک دیناریش وەک تەمویل بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە. لێرە بە راستی تەبایون، واتە جیاوازی لە یاساکان و رێنماییەکان ئەو شتانەی دروست کرد. بووە هۆی ئەوەی ئەو بابەتانە دروست ببێت کە ئەو خیلافانە لە نێوان هەردوو حکومەت یان هەردوو وەزارەتی دارایی دروست ببێت. ئەوەش شتێکی واردە بە راستی، لە بۆشاییەکی وا گەورە ئەو شتانە هەر دروست دەبن. بۆ نموونە ئەگەر بێینە سەر یاسای خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان یاسای ساڵی 2008 جێبەجێ دەکرا لەبەر قەیرانی دارایی، لە عێراق یاسای 2014 بوو، زۆر شتی جیاواز بوو لە یاساکەدا، بۆ نموونە تەمەن، خزمەت، یان بڕی حیسابکردنی ئەو خانەنشینییە، ئەوانە هەمووی جیاواز بوو لە هەردوولا. ئەوەش بە راستی هەر لە نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە ساڵی 2024 توانیمان ئەو بابەتە یەکلابکەینەوە و چارەسەری بکەین کە دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش لە خانەنشینان هاوشێوەی مووچەخۆرانی بەغدایان لێبکرێت. کۆمەڵێک کارمان کرد و دەستکەوتێکی زۆر باشمان هەبوو لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، توانیمان لێکنزیککردنەوەیەکی زۆر باش لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی دروست بکەین.
رووداو: کاتی خۆی هەموو مانگێک کێشە لەسەر لیستی مووچە هەبوو، لە هەرێمی کوردستان لیستی مووچە دەنێردرا و بەغدا تێبینی هەبوو لەسەری، پێموایە ئەوە یەکێک بوو لەو کارانەی ئێوە پێداچوونەوەتان پێدا کرد و ئێستا وەکو کێشە نەماوە.
د. محەممەد زراری: ئێستا ئەگەر تێبینی بکەی لیستی مووچە هیچ کێشەیەکی نییە.
رووداو: ئەگەر باسی ئێستا بکەین، هەموو پرسە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە مووچە کورتکراوەتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پەیوەندییە داراییەکەی لەگەڵ عێراق تەنیا پرسی مووچە نییە، هەرێمی کوردستان پشکی هەیە و بودجەی هەیە لە عێراق، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، مووچە گرێدراوە بە پرسێک کە داهاتی ناوخۆیە. 120 ملیار ئەوەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر کراوە، 120 ملیار بنێردرێت مانگانە، نەوتیش رادەست بکات، عێراق لە بەرامبەردا تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان بکات، تەنانەت باسی پشکیش نەکراوە کە بودجەیە و نایات، تەنیا مووچە دێت. بەڵام ئەگەر بێینە سەر 120 ملیارەکە، لە لایەک بەغدا پێی کەمە و هەندێک جار هەواڵ دەبیستین دەڵێن ئەو پارەیە کەمە و زیادی بکەن، لە لایەکیش هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەوەی من دەینێرم زۆرە نەک تەنیا کەمە. عێراق دەڵێت داهاتی ناوخۆی ئێوە لە 120 ملیار زیاترە، هەرێمی کوردستان دەڵێت باشە من خەرجی بەکاربردنم هەیە، پڕۆژەم هەیە، بە چی بیکەم لە کاتێکدا تۆ تەنیا مووچەم بۆ دەنێریت؟ ئێوە بەشێک بوون لەم گفتوگۆیانە، بۆچی ئەم ناکۆکییە بۆچی هەیە؟ بۆچی پرسە داراییەکەی هەرێمی کوردستان تەنیا لە مووچە کورتکراوەتەوە؟
د. محەممەد زراری: بەداخەوە، من دوو ساڵ پێش ئێستاش لە شاشەی رووداوەوە ئەو لێدوانەم هەبووە، ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا شتێکی نادەستوورییە.
رووداو: ئەوەی ئێستا دەکرێت؟
د. محەممەد زراری: بەڵێ، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی بەپێی ماددەی 121 لە دەستووری عێراق باس دەکات کە هەرێمەکان مافی مومارەسەکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەرییان هەیە. لێرەدا دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لە هەرێمی کوردستان ستاندووە لەم بابەت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا هەموو فۆکەسەکەی لەسەر ئەوەیە کە تەنیا مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆی بدرێت. ئەوەش بە راستی پێچەوانەی دەستوورە کە تەنیا فۆکەسەکە لەسەر مووچە بێت. پێویستە بەپێی یاسای بودجە، ئەوەی لەناو بودجە لە خشتەکانی بودجە هاتووە لە بودجەی ساڵی 2023، وەک خۆی بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان تەنیا لە بەشی مووچە بودجەی نییە لە عێراق، بەڵکو لە بەشی وەبەرهێنان هەیەتی، لە بەکارخستن هەیەتی، لە گەشەپێدانی هەرێمەکان هەیەتی، لە پترۆدۆلار هەیەتی، لە هەموو ئەوانە پشکی خۆی هەیە، لە سیادی و حاکیمە هەیەتی. ئەوەی کە بە جۆرێک وەکو خۆی هاتبێت لە حاکیمەیە کە بە حیسابی خۆیان وەک خۆی ناردوویانە، هەرچەندە ئەوەش دیار نییە بە ڕاستی، لەبەر ئەوەی هیچ کشووفاتی تەحلیلی نییە کە ئێمە وەک دیوانی چاودێری دارایی لەبەردەستمان بێت بزانین ئەوە تەواوە یان تەواو نییە ئەو پشکەی ئەو ناردوویەتی، بە حیسابی خۆیشی 12.67%، هەرچەندە 12.67% لە ناو یاسای بودجە نییە لە هیچ بڕگەیەکی یاساکەدا. بەڵام دەبوو حکومەتی بەغدا بەپێی دەستوور و یاسای بودجە و یاسای کارگێڕی دارایی، بودجەی هەرێم بنێرێت، هەرێمی کوردستان خۆی سەرپشک بێت لەوەی ئەو بودجەیە بە چی خەرج دەکات. ئێستا بەغدا هاتووە چی دەکات؟ تەنیا مووچەکە، مووچەکەش وەک دەزانین لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا شەش مووچەی نەناردووە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بێ ئەوەی یەک دینار لە بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، یان لە پترۆدۆلار و گەشەپێدانی هەرێمەکان، هیچی نەناردووە، لە سیادی کوا پشکی هەرێمی کوردستان کە ساڵانە 30 بۆ 40 تریلیۆن دینار خەرج دەکرێت! نازانم هیچی دیار نییە، لە بەرامبەر ئەوەش دێت داوای هەموو داهاتی نێوخۆ دەکات، ئێمە لە کۆبوونەوە لە بەغدا لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کرا، باسی لەوە دەکرد کە هەموو داهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وەکو پارێزگاکانی دیکە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
رووداو: واتە عێراق داوای هەموو داهاتی دەکرد، وەکو پارێزگایەک؟
د. محەممەد زراری: داوای هەموو داهاتی دەکرد، دەزانیت بەشێکی زۆر کەم دەمایەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوە باسی دەکەم لە بابەتی باج بوو، وەزیر دەیگوت دەبێت باج هەمووی بگەڕێتەوە و من تەنیا 1% حەوافیز دەدەم وەکو پارێزگاکانی دیکە، لەوێ بە راستی موداخەلە کرا کە چۆن دەتوانیت ئەو قسەیە بکەیت، باشە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور هەرێمە خۆ پارێزگایەک نییە لە عێراق تاوەکو تۆ بتوانێت دەسەڵاتی بەسەردا بسەپێنیت، پاشان ئێمە بڕگەی یاساییمان هەیە لە یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 لە ماددەی 29 زۆر بە راشکاوانە باسی ئەوە دەکات کە 50%ی داهاتی باج بۆ ئەو شوێنەیە کە باجەکەی لێوە دێت، چ هەرێم بێت یان پارێزگاکان بێت، من لەوێ هەر خۆم پێمگوت جەنابی وەزیر لەو بابەتە تۆ دەکرێت ئەوە لەگەڵ پارێزگاکان بکەیت بەڵام تۆ یەک دیناری بودجەی وەبەرهێنان و بەکارخستن بە هەرێمی کوردستان نادەی کەچی داوای هەموو داهاتی ناوخۆشی لێدەکەی، باشە ئەو حکومەتە بە چی دەژیت و خەرجییەکانی ئەو حکومەتە لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری و نەخۆشخانە و پاککردنەوە حکومەت بە چی دەیکات ئەگەری هیچی لەبەردەست نەبێت، وەکو یاسا تۆ ئەوەی پشکی خۆیەتی و لە یاساکەدا هاتووە نایدەیتێ و ئەوەشی کە هەیەتی لێیدەستێنی و مووچەکەشی بە تەواوی نادەیتێ. بە راستی دەتوانین بڵێین بابەتەکە زۆر نادادپەروەری تێدایە و ستەمیشە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، ناکرێت لە یاسایەکی گەورەی بودجەی ساڵانەی 200 تریلیۆنی ئێستا ئەگەر تەماشا بکەین لە هەرێمی کوردستان 10 تریلیۆن یان 8 تریلیۆن یان 11 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان ساڵانە نێردراوە، ئەی باشە ئەوەی دیکە کوا؟ بە چەندین پاساو لە هەرێمی کوردستان دەیبڕن، تەنانەت مووچەکەش وەکو خۆی نادرێت.
رووداو: ئەم 120 ملیارەی ئێستا لەسەر چ بنەمایەک دانراوە؟
د. محەممەد زراری: ئەم 120 ملیارە بەپێی رێککەوتن بووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو. لە مانگی حەوت رێککەوتنەکە کرا کە لە مووچەی مانگی پێنجەوە بێت، چونکە مووچەی مانگی پێنج لە مانگی حەوت درا، رێککەوتنەکە وابوو کەوا مانگانە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار بداتە بەغدا، لە بەرامبەردا مووچەکەی بنێردرێت. ئەو رێککەوتنە تاوەکو ئێستا هەر ماوە. بەڵام ئەگەر بێین باسی بکەین، ئێمە وەک دیوانی چاودێری داراییش کە دیراسەیەکی سەرەتاییمان کردووە لەسەر ئەو بابەتە و چەندین جار چووینە بەغدا وەکو لیژنەی هاوبەش، کە بە بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پێکهێندرا، هەردوو وەزارەتی دارایی تێدابوو لەگەڵ هەردوو دیوانی چاودێری دارایی، نەگەیشتینە رێککەوتن یان با بڵێین نەگەیشتینە گوژمەیەک کەوا کامە حەقی هەرێمی کوردستانە و کامە حەقی بەغدایە. لەبەر ئەوەی تەبایون هەیە، جیاوازی لە یاساکان هەیە. بەڵام هەندێک دەقی زۆر راشکاویش هەیە لە یاساکان کە بە ڕاستی حەق دەداتە هەرێمی کوردستان کەوا هەندێک داهات 100% بۆ هەرێمە، هەندێک 50%، هەندێک 80%. ئەوەی پشکی بەغدایە بە راستی دەتوانین بڵێین بەغدا رێک پێچەوانەی کردووەتەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆ حەقی 75% بۆ 80%ی هەبێت، بەغدا دەڵێت نا، 75% بۆ 80%ی بۆ منە، بە راستی ئەوەش ناکرێت، ئێستا من ئەگەر لێم بپرسن دەڵێم 120 ملیار حەقی بەغدا نییە.
رووداو: ئەو بڕە زۆرە؟
د. محەممەد زراری: بەڵێ زۆرە، بەڵام هەرێمی کوردستان هاتووەتە ژێر ئەو بارە لەبەر ئەوەیە کەوا مووچەی مووچەخۆرانی دوانەکەوێت، لەوانەیە قوربانی بە هەندێک شت بدات لەپێناو مووچەکە.
رووداو: ئەگەر یاساکان، یاسای بودجە و یاسای کارگێڕی دارایی بە وردی جێبەجێبەکرێت، حەقی بەغدا چەند دەکەوێت؟
د. محەممەد زراری: ناتوانم بڵێم چەند لەبەر ئەوەی رێککەوتنێک نییە لەنێوان هەردوو وەزارەت.
رووداو: بەڵام 120 ملیارەکە زۆرە.
د. محەممەد زراری: من پێم زۆرە، ناتوانم بڕێک دابنێم، بەڵام پێموانییە ئەو پارە زۆرە بێت، هەرچەندە بەغدا بە حیسابی خۆی بەو 120ش رازی نییە بەڵام بە بۆچوونی من زۆرە، ئەوەندە حەقی بەغدا نییە ئەگەر بێین و لێکدانەوەکان بکەین.
رووداو: بەڵام بۆچی کاتێک قسە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەکرێت، هەم سیاسییەکانیان و هەم داراییەکانیان، پێیان وایە بە زیادەوە حەقی هەرێمی کوردستانیان داوە.
د. محەممەد زراری: ئەوە زۆر جێی سەرسوڕمانە. تۆ ئێستا ناتوانی ئەسڵەن دیاری بکەیت کە کێ قەرزاری کێیە تاوەکو پاکتاوی دارایی نەکرێت. لە نێوان دوو کەسدا، دوو تاک نەک دوو حکومەت، ئەگەر قەرز و پارە لەنێوانیان هەبێت و ئەگەر بێت پاکتاو نەکەن لەکۆتاییدا کەس ناتوانێت بەوەی دیکە بڵێت من ئەوەندە پارەم لای تۆیە، یان یەکێکیان بڵێت ئەوەندە زیادم داوەتە تۆ، چ جای ئەوەی دوو وەزارەتی دارایی، وەزارەتێکی دارایی پێی بڵێت من ئەوەندە زیادم داوەتە تۆ. نەخێر، شتی وا نییە. ئەو کاتە دەتواندرێت ئەو قسانە بکرێت کەوا چەند خاڵێک جێبەجێ کرابێت، ئەو کات دەتوانێت گوژمەکە یان ژمارەکە دیاری بکرێت، ئەو خاڵانە:
یەکەم: ئەژمێری کۆتایی (الحسابات الختامية). حیساباتی خیتامی لە بەغدا تاوەکو ساڵی 2011 لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کراوە و پشتی پێ بەستراوە، ئەژمێری کۆتایی هەموو عیراق، باشە ئێمە لە ساڵی 2023 و 2024 و 2025، حکومەتی عێراق میزانی موراجەعەی خیتامی هەیە بەڵام حیساباتی خیتامی نییە، حیساباتی خیتامی زۆر جیاوازە لە میزانی موراجەعە، دەبێت ئەژمێری کۆتایی لەنێوان هەردوولا بکرێت ئەو کات دەتوانێت ئەو قسەیە بکات، ئەوە لەبارەی ئەژمێری کۆتایی چونکە تەنانەت لە دەستووریشدا لە ماددەی 62 دەڵێت، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی بودجەی گشتی و ئەژمێری کۆتایی پێشکەش بکات بۆ پەسندکردنی، ئەو شتە ئێستا لە عێراق نییە، کاتێک ئەوە نییە، تۆ ناتوانی بێیت بە هیچ لایەنێک بڵێیت تۆ زیادت وەرگرتووە، لە رووی ژمێریاری و دارایی ئەوە جێگەی نابێتەوە.
بابەتێکی دیکە خشتەکانی بودجە، خۆی هەر بودجەیەک کەوا لە ساڵێک زیاتر بوو، ئێستا ئەو بودجەیەی کۆتایی عێراق سێ ساڵە، 2023 و 2024 و 2025، هەر بودجەیەک کەوا سێ ساڵ بوو بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی ساڵی یەکەم وجووبییە، واتە دەبێ وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام ساڵانی دواتر دەبێ خشتەی هەبێ، خشتەی نوێی هەبێ، ئەو خشتانە لەلایەن حکومەتەوە بچێتە پەرلەمان، لە پەرلەمان پەسەند بکرێ ئەو کات دیاری بکرێ پشکی با بڵێین ئەو پارێزگایە یان ئەو هەرێمە چەندە و دیاری بکرێت. ئەوە نەبووە، ئەوەشیان نەبووە چونکە بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی لە ماددەی چوار لە بڕگەی دووەم، باس لەوە دەکات، کەوا پێویستە خشتەکانی بودجە ئەگەر سێ ساڵ بێ، ساڵی یەکەم وجووبییە دوو ساڵەکەی دیکە لە حکومەتەوە بچێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێ، ئەوەش نەبووە. واتە کە ئەوە نەبووە لێرەش ئەوەش بە راستی یەک لەو گرفتانەیە کەوا نەتوانراوە بە تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت.
خاڵی سێیەم، داخل نەکردنی خەرجیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی خەرجیی گشتی عێراق. ئێستا ئێمە دەڵێین هەرێم، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بودجەی عێراق بودجەیەکی فیدراڵییە بۆ هەموو عێراقە. ئێمە ئەو پرسیارمان هەر لەوێ لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق کرد، چۆن دەکرێت خەرجی هەرێمی کوردستان لە خەرجی گشتی عێراق بێتە دەرەوە؟ خۆی ئەوان بۆچی هێناویانەتە دەرەوە، مەتەڵەکە لەکوێیە؟ لە یاسای بودجە ژمارە 13ی 2023 باس لەوە دەکات کەوا "تحدد حصة إقليم كردستان من النفقات الفعلية"، لە خەرجییە فعلییەکاندا خەرجی راستەقینەی عێراق دیاری دەکرێت، ئەوەش هەر غەدرێکە کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێ، گەر فعلی نەبووایە هەرێمی کوردستان ئەو کێشانەی نەدەبوو و پشکی خۆی لەسەر بودجە وەردەگرت نەک لەسەر فعلی، کە دەکاتە ئەو پارەیەیە خەرج کراوە نەک ئەوەی تەرخان کراوە، ئێستا لەبەر ئەوەی لە 200 تریلیۆن دیناری با بڵێین بودجەی عێراق بوو لە 2023، ئەگەر 50 تریلیۆن سیادی و حاکیمەی لێ دەربچێت، 150 تریلیۆن دەمێنێتەوە، هەرێمی کوردستان لەو 150 تریلیۆنە بەشی خۆی دەبرد، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا 150 تریلیۆن خەرج کراوە بۆ نموونە با بڵێین بە گریمانە وای دایبنێین، 50 تریلیۆنیشی لێ دەرچووە بە سیادی و حاکیمە، هەرێمی کوردستان لە 100 تریلیۆنەکە پشکی خۆی وەردەگرێت. واتە لێرە پشکەکەی کەم دەبێتەوە لەبەر بابەتی خەرجیی فعلی. بەڵام لێرە بێین تەماشا بکەین، غەدرێکی دیکەیش لە هەرێمی کوردستان کراوە، خەرجی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە 2023، یەک دینار خەرجی هەرێمی کوردستان داخلی خەرجی گشتی عێراق نەکراوە، چونکە ئەگەر عێراق 100 تریلیۆن خەرجی فعلی هەبێت، بەڵام خەرجی هەرێمی کوردستانی بخەینە سەر دەبێتە 110 تریلیۆن یان 112 تریلیۆن، لەوانەیە هەتا 115 تریلیۆن بڕوات بە بودجەی پڕۆژەکانەوە، لێرە لانی کەم یەک تریلیۆنی دیکە پشکی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، تەنیا ئەگەر خەرجی هەرێمی کوردستانیش بخرێتەوە سەر عێراق، چونکە هەر مەفروزیشە وابێت. تەنانەت لە کۆبوونەوەکان ئەو پرسیارە کرا هەر وەڵامیشیان نەبوو بۆ ئەو بابەتە، ئەوەش یەکێکە لە خاڵەکانی دیکە کەوا ناتواندرێ بە ئاسانی پشکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت تاوەکو ئەو خاڵانە جێبەجێ نەکرێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ناڕوونی لە خەرجی سیادی و حاکیمە هەیە. خەرجی سیادی و حاکیمەمان هەیە کە بەشێکی زۆر گەورەیە، دەتوانم بڵێم یەک لەسەر سێی بودجەی عێراق دەبات، بەڵام ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان پرسیاریشمان کرد لەوێ کەوا چیتان داوەتە ئێمە؟ کشوفاتی تەحلیلی، ئەوەلییات، هیچمان لەبەردەست نییە کە بزانین بە فعلی ئەو خەرجییە کراوە. واتە هەر ژمارەیە لەسەر خشتەکان و لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە رادەگەیێندرێت، بەڵام وەکو تەحلیلی ئێمە وردبینی نەکراوە کە ئەو بابەتە ئایە تەواوە یان تەواو نییە، بەڕاستی ئەو شتانە وەکو خۆی کراوە یان نا، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە بودجەی سیادیش بێبەش بووە لە پشکەکەی، کە پێویست بوو وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمەڵێک وەزارەتی دەیکەمان پشکی خۆی بە تەواوی وەربگرێ لەوێ، کە وەرینەگرتووە.
بابەتێکی دیکەش هەیە، زۆر جار گوێمان لێ دەبێ 12.67% پشکی هەرێمی کوردستانە، ئەی باشە ئەوەش لە یاسای بودجە نییە. هیچ بڕگەیەک لە یاسای بودجەی فیدراڵی 2023 ژمارە 13 باس لە 12.67 بکات نییە، واتە هیچ بڕگەیەک نییە، من چۆن پشت بەو ژمارەیە ببەستم و بڵێم بەڵێ ئەوە پشکی منە؟ چونکە بەپێی دەستوور لە ماددەی 121 سێیەم، لەوێ باس دەکات کەوا دەڵێت بەشی هەرێمەکان یان پارێزگاکان لەسەر ژمارەی دانیشتووانە. ئێ باشە ئێستا ژمارە و رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە 14.14%ـە. ئەی باشە لە جیاوازی نێوان ئەو دوو ژمارەیە ئەگەر بێینە سەر حەقیقەت لەوانەیە تریلیۆن و نیومان بۆ بێتەوە. واتە تەماشا بکە هەر لێرە بە دوو بڕگەی زۆر سادە کە بۆ جەنابتم باس کرد، دوو تریلیۆن و نیو دیناری کوردستان بڕدراوە، ئەوە دەکاتە دوو مووچەی ساڵی رابردوو. واتە سەیری بکە، دوو مووچەی ساڵی رابردوو تەنیا لە دوو بڕگە کە لێرە باسم کردووە، دەکرا ئەمە لە بەغدا وەریبگرینەوە.
بابەتێکی دیکە، چارەسەر نەکردنی دۆسیەی نەوتە، ئەوە هەرچەندە لیژنەشی بۆ پێکهێندرا، ئەوە بوو چەندین جار سەردانی بەغدا کرا، زۆر دانیشتنی لەسەر کرا، لەبەر ئەوەی وەک باسم کرد بیر و بۆچوونەکان جیاوازن. بەغدا بە شێوازێک بیر دەکاتەوە کە بە راستی دەیەوێت هەموو داهاتی ناوخۆ بۆ خۆی ببات کە ئەوەش وەکو باسم کرد پێچەوانەی دەستوورە، پێچەوانەی یاسای کارگێڕی داراییە، پێچەوانەی یاسای بودجەیە، ئەوەش یەک لە بابەتەکانە کە نەتوانراوە تاوەکو ئێستا بە تەواوی دیاری بکرێ.
بابەتێکی دیکە خەرجی بووژانەوەی هەرێمەکانە، پترۆدۆلار، ئەوانە هەر داخل نەکراون بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە دیسان لەوێ پشکی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
بابەتێکی دیکەش هەژمارکردنی داهاتی نەوتە، ئەو خاڵێکی زۆر گرنگە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان چ نەوتی فرۆشتبێت کە بە بۆڕی تاوەکو مانگی سێی 2023 فرۆشتی و ئەوەی کە لە ناوخۆش فرۆشتوویەتی، ئەوەی کە فرۆشتوویەتی لەناو میزانی موراجەعەی سامانە سروشتییەکان دیارە کەوا چەندی فرۆشتووە. بەڵام لە بەرامبەریش خەرجی هەیە، خەرجی نەوت هەیە، نەوت بەبێ خەرجی دەرنایە، نەوت رووبارێک نییە تۆ بۆڕییەکی بخەیتە سەر و تەواو بیفرۆشی، تێچوویەکی یەکجار زۆری هەیە. ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا داهاتەکە حیساب دەکات، داهاتەکە وەکو تەمویل لەسەر هەرێمی کوردستان حیساب دەکات بەڵام هیچ حیسابێک بۆ خەرجییەکانی ناکات، خەرجی نەوت. خۆ ئەگەر داهاتەکە بۆ نموونە چوار تریلیۆن بێ، بەڵام خەرجیشی لەوانەیە سێ تریلیۆن بێ، لێرە تەنیا تریلیۆنێک وەکو داهات بۆ هەرێمی کوردستانە وەکو تەمویل، سێیەکەی دیکە دەبێ لێی دابشکێندرێ، بەڵام بەغدا ئەوەی نەکردووە.
ئەو بابەتانە، ئەو کۆمەڵە خاڵەی باسم کردن، ئەو خاڵانە بە راستی دەتوانین بڵێین ڕێگرن حکومەتی فیدراڵی بە هەرێمی کوردستان بڵێ ئەوەندە زیادم پێداوی یان هەر بابەتێک لەو بابەتانە. چونکە ئەوەی ئێمە حیسابمان کردووە وەکو سەرەتایی، بەغدا قەرزاری هەرێمی کوردستانە نەک هەرێمی کوردستان قەرزاری بەغدا بێ. هەر عەقڵ و لۆژیک ئەوە قبووڵ ناکات، لە ماوەی سێ ساڵدا شەش مووچە نەدرابێ و بەغدا هێشتا بڵێ هەرێمی کوردستان قەرزاری بەغدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ