رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی رۆیتەرز رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە گەورە کۆمپانیاکانی نەوت و بازرگانی، گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنییان لە گەرووی هورمزەوە راگرتووە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران.
بەرپرسێکی باڵای بازرگانی بە ئاژانسەکەی گوتووە، "کەشتییەکانمان بۆ چەند رۆژێک لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە."
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناوچەکەی خستووەتە نێو ململانێیەکی نوێوە. مەترسی هەیە ئەم هێرشانە ببنە هۆی داخستنی گەرووی هورمز بۆ چەند رۆژێک، کە رێڕەوێکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتە.
دوای ئەوەی تاران هۆشداریی دا کە ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر، لە ناوچەکە دەدات، وەڵامی دایەوە و دەنگی تەقینەوە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداو بیسترا.
بەحرەین رایگەیاند، ناوەندی خزمەتگوزاریی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا بەر مووشەک کەوتووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن دووکەڵێکی چڕ لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بەرزبووەتەوە.
خۆرخێ لیۆن، شارەزای وزە لە کۆمپانیای (Rystad Energy) دەڵێت: "ئەگەر لەم رۆژانەدا نیشانەکانی هێوربوونەوە نەبینین، رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت 10 بۆ 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز دەبێتەوە."
گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان، نزیکەی پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای (Vortexa)، ساڵی رابردوو رۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و سووتەمەنی بەو گەرووەوەدا تێپەڕیوە.
ئەندامانی ئۆپێک وەک سعودیە، ئێران، ئیمارات، کوەیت و عێراق زۆربەی نەوتەکەیان لەم گەرووەوە هەناردەی ئاسیا دەکەن. قەتەریش نزیکەی هەموو غازە شلەکەی (LNG) لەوێوە دەگوازێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ