بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی: خاوەنی هەژماری من دەتوانێت قەرز لە بانکەکەمان وەربگرێت

28-03-2024
شیراز رەئوف
وێنەکە: سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی
وێنەکە: سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی کە بانکەکەیان یەکێکە لەو بانکانەی بەشدارە لە پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت، هەژماری من هەژمارێکی پارێزراوە، جگە لە خاوەنەکەی هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستوەردانی تێدا بکات و هیچ بڕە پارەیەکی لەژێر هیچ پاساوێکدا لێ رابکێشێت.
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: هەژماری من پرۆژەیەکی داراییە نەک سیاسی و ئامانج لێی بە دیجیتاڵیکردنی مووچە و راستکردنەوەی رێڕەوی سیستمی بانکییە لە هەرێمی کوردستان.
 
ئێستا چوار بانک لەنێو پڕۆژەی کردنەوەی "هەژماری من"دان، هیچ یەکێک لەو بانکانە حکومی نین و سەرجەمیان ئەهلین، خاوەنی دوو بانکیشیان بیانین و خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق نین.
 
بە گوتەی سەروەت جاف، ئێستا بانکە ئەهلییەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ کردنەوەی زۆرترین هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران، نموونەشی بە بانکەکەی خۆیان هێنایەوە "بانکی ئەهلی عێراقی" کە لە ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەژماریان بۆ مووچەخۆرانی عێراق کردووەتەوە و دەڵێت: 270 هەزار هەژمارمان بۆ مووچەخۆرانی عێراق کردووەتەوە و خاوەنی هەژمارەکان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان وەربگرن لە بەرامبەر "عموولە"یەکی کەمی مانگانەدا، لەنێویشیاندا قەرزی بانکی بە رێژەیەک سوودی کەم.
 
هەژماری من پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەپێی ئەو پێناسەیەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەکەدا بڵاوکراوەتەوە نووسراوە "بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک کە تیایدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی مووچەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن سودمەندانی کەرتی گشتی کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023 ەوە دەستیپێکردووە."
 
ئاماژە بەوەشدراوە: "ئامانج لەم دەستپێشخەرییە رێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سوودمەندان لەوانەش هەژماری پاشەکەوتکردن."
 
لەبارەی پارێزراویی هەژمارەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی دەڵێت: بەپێی یاسا هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاریی هەژماری هیچ کەسێک بکات.
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەش کە باس لەوە دەکەن مەترسیی هەیە حکومەت پارەی باج و سزا داراییەکان راستەوخۆ لە هەژماری مووچەخۆران ببڕێت، سەروەت جاف گوتی: بە هیچ جۆرێک ئەوە رێگەپێدراو نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانن دەستکاریی هەژماری هیچ کەسێک بکەن.
 
"قەرزی بانکی"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی گوتی: خاوەنی هەژماری من دەتوانێت لە قەرزی بانکی سوودمەند بێت و هەمان ئەزموونیان لە ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە و ئەو مووچەخۆرانەی هەژماریان لە بانکەکەی ئەوانە بە رێژەی سوودی کەمتر 6٪ سوودمەندبوون لە قەرزی بانکی، بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانش بە هەمان شێوە هەرکەسێک ببێتە خاوەنی هەژماری من دەتوانێت سوود لە قەرز و خزمەتگوزارییە بانکییەکان وەربگرێت.
 
هاوکات باسی لەوەشکرد خاوەنی هەژمارەکە دەتوانێت هەژمارێکی دیکەی کەسی لە بانک بکاتەوە و پارەی تێدا پاشەکەوت بکات و ئەگەر مووچەخۆرێک 6 ملیۆن دیناری عێراقی لە هەژمارەکەیدا دابنێت، ساڵانە 250 هەزار دینار سوودی بانکی دەچێتە سەر هەژمارەکەی.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 235 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە رێگەی چوار بانکی ناحکومییەوە هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە و پلانەکە وایە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یەک ملیۆن فەرمانبەر هەژماریان بۆ بکرێتەوە.
 
هەموو ئەو بانکانەی کە بەشدای پرۆسەکەن، مۆڵەتی کاریان لە عێراق وەرگرتووە و پابەندن بە رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا. وێنە: Reuters

یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.