رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە یەکەمین رۆژی بازاڕەکاندا گەیشتەوە سەرووی 67 دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 67.5 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 21 سەنت بەرزبووەوە و بە 63.24 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نیگەرانیی زیادبوونی خستنەڕووی نەوت بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێک پڵەس و، نیگەرانی لە شەڕی بازرگانیی ئەمریکا و چین، ناڕوونی و نیگەرانییان لە بازاڕی نەوت دروستکردووە.
میکایک مەکارسی، بەڕێوەبەری گشتی پلاتفۆڕمیی بازرگانیی "Moomoo Australia" دەڵێت، نەبوونی هەواڵی نەرێنی، ئەمڕۆ نرخەکەی بەرزکردووەتەوە، بەڵام مامەڵەی بازرگان و وەبەرهێنەران بۆ مەودای کورتخایەنە پێش ئەوەی لە 5ـی مانگی داهاتوو ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و ئەمریکاش بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادبکات.
بەشێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس پێشنیازیان کردووە لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکرێت، ئەوەش دەبێتە دووەمین مانگی لەسەریەک ئەو گرووپە بەرهەم زیادبکات.
جگە لەوەش، وەبەرهێنەران چاودێریی دۆخی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دەکەن.
گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکاش لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، فاکتەرێکی دیکەیە کە بازرگان و وەبەرهێنەرانی نەوت لەبەرچاوی دەگرن. بەتایبەتی دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بەوریاییەوە گەشبینن" لەبارەی سەرکەوتنی گفتوگۆکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ