ئێران هێندە نەوتی نەفرۆشراوی هەیە کە لە کۆگا پەککەوتووەکاندا هەڵی دەگرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران بە خێرایی هەوڵ دەدات رێگەی نوێ بۆ کۆگاکردنی نەوتەکەی بدۆزێتەوە، بەو هیوایەی بتوانێت لە پەککەوتنی پڕ لە زیانی بەرهەمهێنان دووربکەوێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هێزی دەریایی ئەمریکا کێشەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە دروستکردووە و دانوستاندنەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگیش بە بنبەست گەیشتوون.
 
رۆژی سێشەممە 28-04-2026 رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەهۆی زۆری نەوت لە نێوخۆدا، ئێران خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنە پەککەوتووانەیە کە بە "کۆگای بێ کەڵک" دەناسرێن، هەروەها کۆنتێنەری دەستکرد بەکاردەهێنێت و هەوڵیش دەدات نەوتی خاو لە رێگەی هێڵی ئاسنەوە بۆ چین بگوازێتەوە. ئامانج لەم هەنگاوە نائاساییانە دواخستنی قەیرانی ژێرخان و بێهێزکردنی ئەو گوشارانەیە کە واشنتن لە ململانێی تەنگەی هورمزدا بەکاریان دەهێنێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، جەنگی ئەمریکا و ئێران ئێستا بووەتە کێبڕکێیەک بۆ بینینی ئەوەی ئایا پیشەسازیی نەوتی تاران یان بەکاربەرانی وزە لە جیهان، کامەیان زووتر تێکدەشکێن. هەر بەرمیلێک نەوت کە نەتوانێت لەرێگەی کەناڵە ئاساییەکانی هەناردەکردنەوە وڵات بڕوات، دەبێت ببرێتە نێو تانکییەک یان کۆگەیەک، ئەگەرنا دەبێت لەژێر زەویدا بمێنێتەوە.
 
سەنام وەکیل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگەی (چاتم هاوس) دەڵێ، ئێران دەیەوێ لەو مەترسییە دوور بکەوێتەوە کە ناچار بێت بیرە نەوتەکان دابخات و زیانە داراییەکانی قووڵتر بێتەوە. وەکیل ئاماژە بەوەش دەکات: "پەککەوتنی بەرهەمهێنان گوشارەکان زیاد دەکات و دەبێتەهۆی هاندانی دانوستاندنەکان."
 
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەدا بێ ئەنجام کۆتاییهات. 
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، ئێران پێشنیازێکی نوێی داوەتە نێوەندگیرە ناوچەییەکان بۆ راگرتنی هێرشەکانی لە تەنگەی هورمز، لە بەرامبەر کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە جەنگ و لادانی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرە ئێرانییەکان. بەپێی پێشنیازەکە، گفتوگۆکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ئێستا دوادەخرێن.
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی باسی پێشنیازەکەی ئێرانی کردووە. لێڤیت گوتی، هێڵە سوورەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئێران وەک خۆیان بە روونی ماونەتەوە.
 
ئێران لە سەرەتای جەنگەکەدا بە هێرشکردنە سەر نزیکەی 24 کەشتی، هاتووچۆی لە رێڕۆ ئاوییە گرنگەکاندا پەکخست. تاران بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو لە ناردنی نەوتەکەی، تاوەکو رۆژی 13ـی نیسان ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر هاتووچۆی کەشتییەکان بۆ ناوەوە و دەرەوەی بەندەرە ئێرانییەکان، ئەوەش بە ئامانجی گوشارخستنە سەر ئابووریی ئێران کە پشت بە نەوت دەبەستێت.
 
دامەزراوەی (کپلەر) بۆ چاودێریی کەشتیوانی و توێژینەوەی وزە دەڵێ، گەمارۆکە بە شێوەیەکی بەرچاو بڕی ئەو نەوتەی کەمکردووەتەوە کە ئێران دەتوانێت باری بکات. تێکڕای بارکردنی نەوتی خاوی ئێران لەنێوان 1 بۆ 13ـی نیسان، 2.1 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکە و لە نێوان 14 بۆ 23ـی نیسان، تەنیا پێنج باری نەوت بینراون، ئەمەش تێکڕای هەناردەی بۆ 567 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێش جەنگ و لە مانگی شوباتدا، ئێران رۆژانە تێکڕا 2 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.
 
بەگوێرەی کپلەر، بەهۆی سنوورداریی توانای بارکردنی نەوت بۆ نێو کەشتییەکان، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووە. زۆرجار کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان پێش ئەوەی کۆگەکان بە تەواوی پڕبن دەستپێدەکات، چونکە کارپێکەرەکان پێویستیان بەوەیە شوێن لەنێو سیستمەکەدا بهێڵنەوە بۆ ئەوەی دووچاری پەککەوتنی مەترسیدار نەبن. کپلەر پێشبینی دەکات ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ نیوە دابەزێ و بگاتە 1.2 بۆ 1.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
لەلایەکی دیکەوە بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین و گازوایل. داخستنی رێڕەوە ئاوییەکە بڕی هەندێک بەرهەمی وەک سووتەمەنیی فڕۆکەی کەمکردووەتەوە کە گوشار دەخاتە سەر بەکاربەران و کۆمپانیاکان. رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 108.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەرچەندە نرخ زۆر لەوە بەرزترە کە پێش جەنگ هەبوو، بەڵام هێشتا لە خوار ئەو ئاستە بەرزەیە کە گەیشتە 120 دۆلار لە سەرەتای جەنگەکەدا.
 
شڕۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، ئایا ئێران کەی دەگاتە قۆناغی لووتکەی تانکییەکان  (Tank tops)، کە زاراوەیەکی پیشەسازییە و بەواتای نەمانی شوێن بۆ کۆگەکردنی نەوت دێت، زۆرینەیان پێیان وایە ئەوە لە کەمتر لە دوو هەفتەی دیکەدا روودەدات. دۆناڵد ترەمپ رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، تەنیا سێ رۆژی دیکە ماوە بۆ ئەوەی ژێرخانی نەوتی ئێران پەکبکەوێت. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی وزەی ئێران رۆژی یەکشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، ئەگەر لە کاتی گەمارۆکەدا زیان بە هەر بیرە نەوتێکی ئێران بگات، وەڵامیان دەبێت.
 
بەپێی ئامارەکانی کپلەر، نەوتی کۆگاکراوی ئێران لە وشکانیدا بە بڕی 4.6 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل. توانای کۆگاکردنی وڵاتەکە بە 86 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێ، کە ئەگەر تانکییەکانی پاڵاوگەکانی باکووریشی بۆ زیاد بکرێ دەگاتە 90 بۆ 95 ملیۆن بەرمیل. بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی و رێکارە ئەمنییەکان و شوێنی جوگرافی، رەنگە زۆربەی ئەو شوێنانە نەکرێ بەکاربهێندرێن.
 
ئێران کەشتییە نەوتهەڵگرە بەتاڵەکانی بۆ کۆگاکردنی نەوتی زیادە لە نێو دەریا بەکارهێناوە. کپلەر دەڵێ، هێشتا چەندین کەشتیی گەورە لە کەنداو هەن کە مێژووی بارکردنی نەوتی ئێرانیان هەیە و توانای نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیلیان هەیە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو کەشتییانە ناتوانن بگەنە بازاڕەکانی جیهان، ئێران پەنا بۆ رێگەی دیکە دەبات. تاران دەستی کردووە بە بەکارهێنانی کۆنتێنەر و تانکییە کۆنەکان لە ناوەندەکانی نەوت لە باشوور، وەک (ئەهواز و عەسەلوویە). بەرپرسێکی نەوتی ئێران دەڵێ، پێشتر بەهۆی خراپیی رەوشی هەندێک لەو تانکییانەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارنەدەهێنران.
 
حەمید حوسێنی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوتی ئێران بە رۆژنامەکەی گوتووە، ئێران هەوڵ دەدات نەوت لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە بۆ چین بگوازێتەوە. هێڵی ئاسن، تارانی بە شارەکانی (ئییوو و شیئان)ـی چینەوە بەستووەتەوە. هەرچەندە ئەم گەشتە بە گشتی لە گەشتی کەشتی کورتترە، بەڵام رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت. هەروەها هێڵی ئاسن وەک کەشتی تێچووەکەی گونجاو نییە، بەتایبەت بۆ ئەو پاڵاوگانەی باکووری رۆژهەڵاتی چین کە کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانن. ئەمە وادەکات ناردنی نەوت بە شەمەندەفەر زیاتر لەوەی چارەسەر بێت، نیشانەیەک بێت بۆ تەنگژەی سیستمەکە.
 
ئێریکا داونز، شارەزای سیاسەتی وزەی چین لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەپرسێت: "ئایا ئەو پاڵاوگانەی کە قازانجیان کەمە و تەنیا بەهۆی داشکاندنەوە نەوتی ئێرانیان دەکڕی، ئامادەن پارەی زیاتر بدەن ئەگەر تێچووی گواستنەوەی هێڵی ئاسن گرانتر بێت؟" داونز دەڵێ: "دۆخی نائومێدکەر پێویستی بە هەنگاوی نائومێدکەر هەیە."
 
وەستانی لەناکاوی بەرهەمهێنان دەبێتەهۆی تێکچوونی کێڵگە کۆنەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەستانیان نزمە یان پێکهاتەی زەوییەکەیان ناسکە. 
 
بەپێی کۆمپانیای راوێژکاری (ریستاد ئینێرجی)، نزیکەی نیوەی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران پەستانیان نزمە، ئەمەش وایان لێ دەکات لە کاتی وەستانی بەرهەمهێناندا رووبەڕووی زیانی درێژخایەن ببنەوە. هەرچەندە هەموو وەستانێک نابێتەهۆی لەنێوچوونی بیرە نەوتەکە و ئەندازیارانی ئێرانی ئەزموونیان لە بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان لەژێر سزادا هەیە، بەڵام بەرپرسانی نەوتی ئێران دەڵێن، کۆنیی ئامێرەکان، کەمکردنەوەی زۆرەملێی بەرهەمهێنان زۆر مەترسیدار دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە