رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان 13 بۆ 16 هەزار دینار دابەزی.
بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 28-06-2025، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 678 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 648 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 555 هەزار دینارە.
بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە 26-6-2025 کە دوایین رۆژی کردنەوەی بازاڕی زێڕی نێوخۆیی بوو، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە بڕی 13 هەزار، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 15 هەزار و مسقاڵێک زێڕی عەیار 22ـش 16 هەزار دینار دابەزیوە.
رۆژی پێنجشەممە، نرخ بەم شێوەیە بوو:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 694 هەزار دینار بوو.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 663 هەزار دینار بوو.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 568 هەزار دینار بوو.
ئەمە نزمترین نرخی زێرە لە رۆژی 15-5-2025 تۆمارکرابێت کە ئەوکاتە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 545 هەزار دینار بوو.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، 55 هەزار دینار دابەزیوە. رۆژی 14ـی ئەم مانگە و بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 703 هەزار دینار.
دابەزینی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 54 دۆلار دابەزی و بە 3 هەزار و 274 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە هەفتەی رابردوودا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 106 دۆلار دابەزیوە.
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار: نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
چین و ئەمریکا لەسەر بابەتی پێناسە گومرگییەکان رێککەوتوون و چوارچێوەی رێککەوتنەکەیان راگەیاندووە، ئەوەش بووەتە هۆکار کە خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە کەم ببێتەوە.
هاوکات حکومەتی ئەمریکا دوێنێ هەینی رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا رێژەی خەرجییەکانی تاکەکەس لە 2.2٪ـەوە بۆ 2.3٪ بەرزبووەتەوە. ئەوەش دابەزینی نرخی زێڕی زیاتر و خێراترکترد.
خەرجییەکانی تاکەکەس ئامارێکی ئابووریی گرنگی هەڵاوسانە و بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی دەکات؛ بەرزبوونەوەی ئەگەری دواخستنی کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ