رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیێنێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە ماسی لە شوێنە سرووشتییەکاندا کەمی کردووە، بەڵام بەهۆی پڕۆژەکانی ماسییەوە، کاریگەریی لەسەر بازاڕ نەبووە.
رۆژی دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەریی سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی وشکەساڵی، کەمبوونەوەی ئاو و راوکردنی ماسییەوە، لە بەنداو و رووبارەکاندا بەرهەمی ماسی کەمی کردووە؛ بەڵام بەهۆی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی سامانی ماسی، کاریگەریی لەسەر بازاڕەکان نەبووە."
بە گوتەی بێستوون نەجمەدین، نەک تەنیا ماسی، بەڵکو بەگشتی هەموو گیاندارە ئاوییەکان ئەم ساڵ کەمیان کردووە؛ چونکە ئاو لە رووبارەکاندا کەمی کردووە و گۆمی بچووکی لێ جیابووەتەوە و وشک بوون؛ بەنداوەکانیش بە هەمان شێوە.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی دەڵێت، "ساڵانە 65%ی خواستی بازاڕی نێوخۆ لە بەرهەمی ماسیی فرێش پڕدەکەینەوە."
لەبارەی نرخی ماسییەوە، بێستوون نەجمەدین گوتی، "بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخەکەی دابەزیوە، بەهۆی کەمبوونی خواست؛ ماسیی کارپ پێشتر کیلۆی بە نزیکەی هەشت هەزار دینار بوو، ئێستا نرخەکەی لەنێوان 6 هەزار و 500 بۆ حەوت هەزار دینارە."
بەڕێوەبەریی سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "زیاتر لە 12 هەزار دۆنم حەوزی ماسی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ساڵانە هەر دۆنمێک سێ تۆن ماسی بەرهەم دەهێنێت."
لە تەواوی هەرێمی کوردستان 420 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی هەن، کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و بەرهەمی ساڵانەیان چوار هەزار و 700 تۆنە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسییە، زۆرینەی لە بەرهەمی نێوخۆیی دابین دەکرێت و ئەوەی دیکەشی بە شێوەی زیندوو و بەستوو هاوردە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ