داهات و چارەسەرى کورتهێنان تیمە هاوبەشەکانى بەغدا و هەولێر کۆدەکاتەوە

28-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تیمە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو، چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق تاوتوێ دەکەن، کە پێشنیاز دەکرێت تاوەکو هەفتەی داهاتوو کارەکانیان تەواو بکەن. ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی نەوتەوە. بڕی داهاتی رادەستکراوی مانگی تەممووز گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستانیش چەند سیناریۆیەک تاوتوێ دەکرێن.
 
بڕیارە تیمە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەست بە کۆبوونەوە بکەن بۆ چارەسەریی پرسەکانی تایبەت بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق.
 
کۆبوونەوەی ئەو تیمە هاوبەشانە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە لە 17ی تەممووزی 2025 تایبەت بە پەسندکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، تیمی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێت، بەمەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، هەروەها تەواوکردنی جێبەجێکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان.
 
یەکێک لە ئەرکەکانی دیکەی ئەو تیمە هاوبەشە، دیاریکردنی بڕی تێپەڕاندنە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی کردەیی لە بودجەی گشتیی عێراق و چۆنییەتیی چارەسەرکردنی.
 
دەرفەتی دوو هەفتەیی
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند سەرچاوەیەک لە بەغدا و هەولێر دەستی کەوتوون، پێشبینى دەکرێت کاری ئەو تیمانە لە هەفتەیەکدا تەواو بکرێت، ئەگەر بەربەستی گەورە نەیەتە بەردەمیان.
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو هەفتەی دیاری کردووە بۆ ئەوەی ئەو تیمانە کارەکانیان تەواو بکەن و ئەو ماوەیەش لە رۆژی پەسندکردنی بڕیارەکەوە دەبێت کە 17ی تەممووزە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو تیمانە راپۆرت ئامادە دەکەن لەبارەی چۆنییەتیی چارەسەری ئەو کێشانەی تیمەکانیان بۆ پێکهێندراوە و دەیدەنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ یەکلاییکردنەوەی."
 
"مووچەی مانگی 6 چاوەڕێی نەوتە"
 
یەکێک لەو پرسانەی کە چاوەڕوان دەکرێت بابەتی گەرمی نێوان هەولێر و بەغدا و تیمە هاوبەشەکانیان بێ، ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە بە رووداوی گوت، "ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ. ئەو مامەڵەیە لەگەڵ مووچە چاوەڕوان دەکرێت وەک مانگی ئایار نەبێت."
 
لە لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات کە بڕەکەی رۆژانە لە 230 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، بەهۆی ئەوەی هێرشە درۆنییەکان وای کردووە کە نەتوانرێت ئەو بڕە نەوتە رادەست بکرێت. ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە بەگوێرەی بڕی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستا مامەڵە لەگەڵ نەوتی رادەستکراو بکرێت کە لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار بەرمیل دەبێ و بۆ ئەوەش تیمێکی وەزارەتی نەوت راپۆرت دەداتە نووسینگەی سەرۆکوەزیران.
 
پشکی مووچە، دوایین چارەسەر
 
یەکێک لە ئەرکی تیمە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دۆزینەوەی چارەسەر یان دەرچەی یاساییە بۆ خەرجکردنی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی پێی وایە ئەو پشکە لە بودجەی سێ ساڵە تێپەڕیوە.
 
سەرچاوەکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "یەکلاییکردنەوەی پرسی کێشەی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستان دەخرێتە دوایین قۆناخی کاری تیمەکان، ئەوەش لەبەر رۆشنایی تەواوکردنی ئەرکەکانی دیکەی ئەو تیمانە."
 
28ی ئایار، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی لە نووسراوێکدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە رێژەی 12.7%ی پشکەکەی لە یاسای بودجەی گشتی بۆ سێ ساڵەکە تێپەڕاندووە کە 13.5 تریلیۆن دینارە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ چارەسەری ئەو پرسە چەند سیناریۆیەک هەن تاوەکو بتوانرێ مووچەی حەوت مانگی ئەم ساڵ بنێردرێت.
 
یەکێک لە سیناریۆکان، گۆڕانکارییکردنە لەو بڕگەیەی یاسای بودجە کە پشکی هەرێمی کوردستانی بەستووەتەوە بە خەرجیی راستەقینەوە. یەکێکی دیکە لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە گواستنەوە لە پشکی خەرجیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بکرێ بۆسەر خەرجیی بەکاربردن، یان ئەوەتا بەگوێرەی مادەی 60ی یاسای بودجە کێشەکە چارە بکرێت کە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆکوەزیران لەسەر پێشنیازی وەزیرانی دارایی و پلاندانان پارە بۆ مووچە دابین بکات ئەگەر کورتهێنان تێیدا رووی دا.
 
داهاتی رادەستکراوی تەممووز "دەگۆڕێت"
 
یەکێک لەو پرسانەی کە تیمە هاوبەشەکان تاوتوێی دەکەن، ئەو بڕە داهاتە نانەوتییەیە کە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی، "ئەو بڕە داهاتە نانەوتییەی مانگی تەممووز رادەست دەکرێت، جیاواز دەبێت لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەو پێیەی بە هەڵسەنگاندن و پێوەری دیکە دەکرێت."
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران 120 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک. داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار رادەست کراوە، بەڵام بۆ رادەستکردنی داهاتی مانگی حوزەیران، چاوەڕوانیی یەکلاییکردنەوەی مووچەی ئەو مانگە دەکرێ لەلایەن بەغداوە.
 
بەجێکردنى مووچە بەگوێرەى "هەژمارى من"
 
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، لیژنەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە تایبەتە بە بەجێکردنى مووچە، هەفتەى رابردوو لە بەغدا لەگەڵ شاندە هاوتاکەى لە عێراق کۆبووتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
 
لە پرسى بەجێکردنى مووچە کە بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەبێت لە سێ مانگدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن، بەو پێیە ئەوشاندە لەگەڵ تیمەکانى دیکە دووشەممە ناچێتەوە بۆ بەغدا.
 
گفتوگۆى ئەو تیمە هاوبەشە بە ئاڕاستەى تەواوکردنى بەجێکردنى مووچە بووە لە رێگەى پڕۆژەى "هەژمارى من" لەو وادەیەى کە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران دیاری کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە