دادگەى فیدراڵى وادەى کۆبوونەوەى لە دژى کڕینى گازى کێڵگەى کۆرمۆر دیاریکرد

28-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژى کۆبوونەوەى لەبارەى سکاڵایەکەوە دیاریکرد کە لە دژى بڕیارێکى حکومەتى عێراقى پێشکێش کراوە بۆئەوەى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستانەوە بکڕن بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، 17ى ئەیلوولى 2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەلایەن عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراقەوە پێشکێش کراوە لە دژى بڕیارى ژمارە 13392ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کۆمپانیاى نەفت هیلال، کە لە کێڵگەى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستان بەرهەم دەهێندرێت.
 
13ى تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى سنوورى هەرێمى کوردستان.
 
28ى ئابى 2023، ئامانج هەرکى، ئەندامى لیژنەى وزە و کارەباى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دژی دەستوور نییە، بەڵام ئەگەر ببەسترێتەوە بە بڕیاری نادەستووریى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستانەوە، ئەگەر هەیە هەڵبوەشێندرێتەوە."
 
ئەو ئەندامەى لیژنەى وزە و کارەباى پەرلەمانى عێراق گوتیشى، "تاوەکو ئێستا بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆر نەکەوتووەتە وارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەوپێیەى بڕیارى بۆ دەرچووە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنى دەکرێت."
 
لە 16ى تەممووزى 2023 زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ لیژنەى کارەبا و وزەى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، تاوتوێى ئەوە دەکەن کە ئەگەر گازى زیادە لە هەرێمى کوردستان هەبێت، دەتوانن بۆ خستنەگەڕى چەند یەکەیەک سوودى لێ ببینن و ئەو بڕە گازە سرووشتییەى دەیانەوێت بیکڕن، دەگاتە 80 ملیۆن مەتر سێجا.
 
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ کڕینى کارەبا دەبات لە کەرتى تایبەت.
 
بەشێکى زۆرى سەرچاوەى کارەباى عێراق ئەو وێستگانەیە کە بە گازى سرووشتى کار دەکەن، بۆ ئەوە عێراق لە 12ى تەممووزى 2023 رێککەوتنێکى لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆئەوەى گازى سرووشتى لەو وڵاتەوە هاوردە بکات بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و لە بەرامبەردا نەوتى بداتێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە