کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق: بەبێ تەرخانکردنی پارە ناتوانین مووچە بۆ کەسی دیکە خەرج بکەین

28-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەک ملیۆن و 200 هەزار خێزانی نوێ بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە عێراق ناویان تۆمار کردووە. بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، ئەگەر لە یاسای بودجەی ساڵی نوێدا پارەیان بۆ تەرخان نەکرێت، ناتوانرێت مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.
 
لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 111 هەزار خێزان مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتییان هەیە، کە لە حەوت ملیۆن و 600 هەزار کەس پێکدێن و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە. ئەم ساڵیش ملیۆنێک و 200 هەزار خێزانی دیکە تۆمار کراون بۆئەوەی مووچەیان ببڕێتەوە.
 
د. ئەحمەد خەلەف موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی شەممە 28-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی تازە ناویان بۆ مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی تۆمار کردووە، تاوەکو ئێستا لە یاسای بودجەدا پارەی پێویستیان بۆ تەرخان نەکراوە، بۆیە ئێستا ناتوانرێت مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیان بۆ خەرج بکرێت."
 
سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی، "پێویستە لە یاسای بودجەی 2025دا پارەی پێویست بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت، ئینجا دەتوانین مووچەیان خەرج بکەین."
 
هەر لەوبارەوە، سەنا موسەوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، داتا و زانیاری یەک ملیۆن و 200 هەزار خێزان تەواوبووە کە تازە ناوی خۆیان بۆ مووچەی چادێریی کۆمەڵایەتی تۆمارکردووە. بەگوتەی سەنا موسەوی، "لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە مووچەیان خەرج دەکرێت."
 
سەنا موسەوی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات لە خشتەی بودجەی 2025دا بڕە پارەیەک بۆ مووچەی تۆمارکراوانی نوێ تەرخان بکات تاوەکو لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە پارەی ئەو کەسانە خەرج بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە