رووداو دیجیتاڵ
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەیان ئامادەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام مەرجیان ئەوەیە دڵنیایی وەربگرن لەبارەی شایستە داراییەکانیان.
مایڵز کاگینز رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسان لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، حکومەتی عێراق هێشتا گرێبەستەکانی ئەوانی قبووڵ نییە.
گوتەبێژەکەی ئەپیکور ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمپانیاکان بڕێکی زۆر پارەیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و گوتی: "نزیکەی یەک ملیار دۆلارمان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق، کاگینز رایگەیاند: "حکومەتی عێراق بە گرێبەستەکانی ئێمە رازی نییە." لە بەرامبەردا، پێداگری لەسەر یاساییبوونی گرێبەستەکان کرد و گوتی: "گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت رەوا و یاسایین."
بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەر، کاگینز ئاشکرای کرد کە "ناوی ژمارەیەک کۆمپانیا بۆ وردبینی لە خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت پێشنیاز کراون." داواشی لە حکومەتی عێراق کرد: "کاتی ئەوەیە حکومەتی عێراق روانینی خۆیان بە نووسراو بخەنە روو."
لەبارەی نرخی فرۆشتنی نەوت لە ئێستادا بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان، گوتەبێژی ئەپیکور ئاماژەی بەوەکرد: "ئێستا یەک بەرمیل نەوت بە 28 تاوەکو 32 دۆلار دەفرۆشین."
مایڵز کاگینز جەختیشی لە قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان کردەوە و رایگەیاند: "بایی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان کردووە."
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ی ئاداری 2023ـەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دۆسیەیەکی سکاڵای عێراق دژی تورکیا. تائێستا هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە ئاکام نەگەیشتوون، بەشێک لە هۆکارەکەشی بۆ ناکۆکی لەسەر گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و شایستە داراییەکانیان دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ