دانوستانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ رێککەوتنی نەوت پێش مووچە

29-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا "چووەتە پێشەوە"، جیاوازییەکان لەسەر بڕی ئەو نەوتەیە کە رادەست دەکرێت. بەغدا داوای 400 هەزار بەرمیل دەکات و هەرێمی کوردستان پێشنیازی 280 هەزاری کردووە. ناردنی مووچە بەستراوەتەوە بە رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت.
 
ئەو زانیارییانە لە بەدواداچوونێکی رووداو دەرکەوتوون کە لەگەڵ دوو سەرچاوە لە بەغدا و سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە دانوستانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستی کەوتوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کۆبوونەوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت: "ئەو کۆبوونەوانە لە کەشێکی ئەرێنیدا کراون، بەربەستی پێشووی نێوانیانی شکاندووە، لە پرسی نەوت پێشکەوتن هەبووە."
 
لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. ئەم ساڵ یاسای بودجەی گشتی هەموار کرا و لە 17ـی شوباتەوە چووە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
 
شاندێکی تەکنیکیی عێراق لە 26ـی حوزەیران سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی نەوت و رادەستکردنی داهاتەوە.
 
280 یان 400 هەزار بەرمیل؟ 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە گفتوگۆی نێوانیان، هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە وەک قۆناخی یەکەم رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت و 120 هەزار بەرمیلەکەی دیکە بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاربهێندرێت، بەڵام بەغدا داوای کردووە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکرێت و کۆمپانیا عێراقییەکە بڕیار بدات کە چەندی لێ هەناردە دەکات و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەوەش جیاوازیی نێوانیانە کە ئێستا هەردوولا گفتوگۆى لەسەر دەکەن.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای سۆمۆ کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە ئامادە نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، رۆژی 29ـی حوزەیران بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەم کاتەی قسەتان بۆ دەکەم کۆبوونەوەکان بەردەوامن، پرسەکە گرنگ و هەستیارە، تەنیا پەیوەندیدار نییە بە کۆمپانیای سۆمۆوە، پرسێکە پەیوەستە بە هەموو عێراق و وەزارەتی نەوتەوە و سۆمۆ جێبەجێکار دەبێت."
 
بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات بۆ ئەوەی پشکی لەو بودجەیە بنێردرێت.
 
دوو سەرچاوەی رووداو لە بەغدا و هەولێر جەختیان لەوە کردەوە رێککەوتن لەسەر پرسی هەناردەی نەوت کراوەتە هەنگاوی بەر لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
بەربەستێکی دیکە لەبەردەم پرسی هەناردەی نەوت، شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت و قەرزە کەڵەکەبووەکانیانە. سەرچاوەکەی رووداو لە هەرێمی کوردستان گوتی: "کۆمپانیاکان دوو گەرەنتییان دەوێت؛ یەکەمیان ئەوەیە، بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێبدرێت کە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە و بەردەوامیش بێت. دووەمیان، قەرزە کەڵەکەبووەکانیان پێبدرێتەوە کە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە".
 
پێشنیازى ناردنى تیم بۆ داهات کراوە
 
رۆژی 28ـی ئایاری 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بە پاساوی تێپەڕاندنی پشکەکەی لە یاسای بودجەدا و رادەستنەکردنی تەواوی داهات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەکاتی گفتوگۆی نێوان شاندە تەکنیکییەکەی بەغدا کە 26ـی حوزەیران سەردانی هەولێریان کرد، پێشنیازی ئەوە کراوە چەند تیمێکیان سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە بەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی داهاتی فیدراڵیین و دەبێت بەگوێرەی یاسای بودجە 50%ـی رادەست بکرێت، بۆ ئەوەی لە بڕی داهاتەکان دڵنیا ببنەوە لە گومرگ و دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبەرایەتییە فیدراڵییەکان کە پاسپۆرت و نشینگە و رەگەزنامە و کاروباری شارستانی دەگرێتەوە.
 
یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەستکردنی داهاتی بەستووەتەوە بە رێکارەکانی یاسای کارگێڕیی دارایی کە لە ساڵی 2019 پەرلەمانی عێراق پەسندی کردووە.
 
بەگوێرەی مادەی 29ـی ئەو یاسایە، 50%ـی داهاتی رسومات و باجی فیدراڵی دەدرێت بە پارێزگاکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەوپێیە 50%ـەکەى دیکەى بۆ حکومەتى فیدڕاڵى دەبێت. 
 
هیڤیدار شەعبان، راوێژکاری دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای چەندین کۆبوونەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن بەم شێوەیە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە رەوانەکردنی 50٪ـی داهاتە نانەوتییەکان و تێکەڵکردنی گومرگەکان لەگەڵ دەستەی گومرگەکانی عێراق و بەکارهێنانی سیستمی ئەسیکۆدا، هەروەها لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە