HRW: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان

29-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە بەرهەمهێنانی وزە گەیاندووە. داواش لە بەغدا و هەولێر دەکات، دابەشکردنی مووچە بکەنە کاری لەپێشینەیان.
 
رۆژی سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) راپۆرتێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی بڵاوکردەوە.
 
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوە داوە کە لە 14 بۆ 16ی تەممووزی 2025، لەلایەن گرووپی نەناسراوەوە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر پێنج کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و زیانێکی "زۆر"ـی بە بەرهەمهێنانی وزە گەیاندووە.
 
هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە، هێرشە درۆنییەکان پەرەسەندنێکی "مەترسیدارن" لە ململانێی درێژخایەنی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی داهاتی نەوت، لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەدا حکومەتی فیدراڵی لە مانگی ئایارەوە ناردنی مووچەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان راگرتووە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "پێویستە دەسەڵاتدارانی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بکەن، رێگری لە هێرشی زیاتر بۆ سەر ژێرخانی وزە بکەن و دڵنیایی بدەن لە پێدانی مووچە بە تەواوەتی و لە کاتی خۆیدا".
 
لە مانگەدا 21 جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئامانجی زۆربەی هێرشەکانیش کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
 
سارا سەنبەر، توێژەری کاروباری عێراق لە رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: "تێکدانی بەمەبەستی ژێرخانی نەوتی، ئەگەری هەیە لێکەوتەی مەترسیداری هەبێت بۆ دەستڕاگەیشتنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان. ئەوەی قوڕەکە خەستتر دەکاتەوە ئەوەیە، هەزاران مامۆستا، پزیشک و پەرستار ناتوانن خەرجییەکانی رۆژانەیان دابین بکەن، چونکە مووچەکانیان بووەتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان."
 
لە راپۆرتەکەدا و بە پشتبەستن بە ئامارێک، ئاماژەی بەوە داوە کە هێرشەکان بوونەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەوەش کۆی بەرهەمی نەوت 70% کەمی کردووە.
 
لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەو هێرشە درۆنیانە پێکهێنراوە و بڕیارە راسپاردەکانیان پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بکەن.
 
ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی مووچە و نەوتەوە.
 
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "راگرتنی مووچەی کەرتی گشتی لەلایەن بەغداوە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کوالێتى  و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکان هەبووە، لەوانەش چاودێریی تەندروستی و پەروەردە."
 
ئەو رێکخراوە رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و هەرێمی بەرپرسن لە پاراستنی ژێرخان و هاووڵاتییانی مەدەنی و پێویستە بە نیازپاکی کار بکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دانیشتووان و دابەشکردنی مووچە بکەنە کاری لەپێشینەیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە