رووداو دیجیتاڵ
پارەی بودجەی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا بۆ ئەم ساڵ خەرج نەکراوە، واژۆ بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو ناوچەیە کۆدەکرێتەوە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پارەی بودجەی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا بۆ ئەم ساڵ خەرج نەکراوە، بەهۆی ئەوەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئەو پڕۆژانەی پەسند نەکردووە کە پێشکێش کراون."
بودجەی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ سێ ساڵ دیاریکراوە، کە 150 ملیار دینارە؛ واتە بۆ هەر ساڵێک 50 ملیار دینارە.
محەممەد کاکەیی گوتی، "بودجەی 2023 خەرج کراوە، بەڵام بودجەی 2024 نزیکەی 10%ی خەرج کراوە، کە ئەگەری هەیە هۆکارەکەی نەبوونی نەختینە بێت."
ئەو پارەیە بۆ ئەو ناوچانە خەرج دەکرێت، کە بەهۆی شەڕی داعش لەنێوان ساڵی 2014 بۆ 2017 لە شنگال و دەشتی نەینەوا خاپوور بوون.
ژمارەیەک چالاکڤان بە سەرپەرشتیی رێکخراوی ماڵی پێکەوەژیانی شنگال هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆیان دەستپێکردووە، بۆئەوەی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە دەشتی نەینەوا جیابکەنەوە.
میرزا دینایی، دامەزرێنەری رێکخراوی ماڵی پێکەوەژیانی شنگال بە رووداوی راگەیاند، "واژۆ کۆکردنەوەکە لەنێو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکڤانان دەبێت، 31ی ئاب دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوەکو ئەو دوو شوێنە لە سندووقەکەیدا جیابکرێنەوە."
پاساوی ئەو هەڵمەتە بۆ جیاکردنەوەی سندووقەکە، وەکو میرزا دینایی دەڵێت، بۆ ئەوەیە بزانرێت ئەو پارەیە لە بواری دیاریکراوی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان خەرج دەکرێت. ئەوەش جگە لەوەی هانی رێکخراوەکانی دەرەوەش دەدات فەندیان هەبێت بۆ هاوکاریکردنی شنگال لە رێگەی ئەو سندووقەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ