رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بەخشینی بەشێک لە پێناسی گومرکی سەر پارچەی ئۆتۆمبێل، دابەزی.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.8٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 3308 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە 3317 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
پێنوێنیی دۆلار، رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی زێڕ دروستکرووە.
نیکۆلاس فراپێل، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئەی بی سی ریفاینەری) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هۆکار بووە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانێکی دا بۆ میشیگن، لانکەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا، لەڕێگەی دوو بڕیارەوە دوو ساڵ مۆڵەتی دایە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بگەنە ئاستێک کە پێویستیان بە هاوردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل نەبێت، بەڵام لەو ماوەیەدا دەتوانن بەڕێژەیەکی سنووردار بەردەوام بن لە هاوردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل.
بڕیار بوو پێناسی گومرکی لەسەر هاوردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل لە سبەیەوە بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 680 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ