رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات پێداویستییەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان تەواو بکات، وەزارەتی دارایی و ئابووریش ناوی 9 بەربژێر دەنێرێت بۆئەوەی وەکو ئەندامی سەرەکی و یەدەگى ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکەکە پەسند بکرێن.
بەگوێرەی نووسراوێک کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە 15ی تەممووز ئاراستەی فەرمانگەی چاودێریی بانکەکانی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراقی کردووە، ناوی ئەندامانی بەربژێری ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی نیشتمانی بۆ ناردوون.
لە نووسراوەکەدا ناوی 5 بەربژێر بۆ ئەندامێتیی سەرەکیی ئەنجوومەنی کارگێڕى بانکی نیشتمان و چوار بەربژێر وەک ئەندامی یەدەگی بانکەکە دەستنیشان کراون.
لە ساڵی 2023ـەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کار لەسەر دامەزراندنی ئەو بانکە دەکات کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە و وەک بانکێکى حکومى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ.
ناردنی ناوی ئەو بەربژێرانە بۆ بانکی ناوەندی دوای ئەوە بوو کە شەیما عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی چاودێریی بانکەکانی عێراق لە 20ی ئایاردا نووسراوێکی ئاراستەی بانکی نیشتمان کرد و تێیدا ئاگادارکردنەوەی ئاراستە کردن، بەوەی ئەگەر لە 60 رۆژدا ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکەن کە داوایان کردوون، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی ساڵی 2004 مۆڵەتی بانکەکە وەردەگیرێتەوە.
لەو نووسراوەدا هاتووە، دەبێت ئەو پێداویستییە بنەڕەتییانە ئامادە بکرێن کە بۆ دامەزراندنی بانکەکە پێویستن و لەگەڵ داواکاریی دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە بانکی ناوەندی داوایان لێکراوە.
لە 20ى تەممووزی 2025، جارێکی دیکە فەرمانگەی چاودێریی بانکەکانی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق، بە نووسراوێک کە ئاراستەی بانکی نیشتمانی کرد، داوای لێکردن ئەو پێداویستییانەی داوایان کردووە بۆیان رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی کارەکانیان بگیرێنەبەر.
بەگوێرەی نووسراوەکە، داواکارییەکان تایبەتن بە پڕکردنەوەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ سەرجەم بەڵگەنامەکانی تایبەت بە بەربژێرانی ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی نیشتمان.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت: "ئەو بانکە وەک جێگرەوەی بانکەکانى رەشید و رافیدەین دەبێت لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی کێشە لەسەر موڵکەکانیان لە هەرێمی کوردستان نەکراونەتەوە."
پێشتر لە 20ی کانوونی دووەمی 2023، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمان، 25 ملیار دیناریان لە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر داناوە، وەک هەنگاوێک بۆ ئەوەی مۆڵەت بدرێتە بانکەکە.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕەکەى راگەیاندووە، هەموو ئەو کارانەی بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجامیان دەدات، لە رووی رێنمایی و یاساییەوە لە بانکی نیشتمان دەکرێن لەوانە، پێدانی پێشینە بە هاووڵاتییان و وەرگرتنی بڕێک دۆلار لە بانکی ناوەندی بۆ ئەوەى بخرێتە بازاڕەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ