رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سزاکانی سەر ئێران نرخی بەشێک لە کاڵاکان زیاد دەکەن. ئەوەش کاریگەریی لەسەر بازرگانی دەبێت.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەمارۆکانی سەر ئێران و دابەزینی نرخی تمەن "دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانێت بە شێوەیەکی بەرفراوان کارە بازرگانییەکانی وڵات بەشێوەیەک بەرەو پێشەوە ببات".
ئەو بەرپرسە دەڵێت، هەرچەندە بەشێکی زۆری کاڵاکانی ئێران بەرهەمی نێوخۆی خۆیەتی، بەڵام "زۆرینەی کارخانەکانی، کەرەستە سەرەتاییەکان لە وڵاتانی دیکە دەکڕن. واتە بە دراوی بیانیی وەک دۆلار و یۆرۆ هاوردە دەکرێن، دابەزینی نرخی تمەنیش وا دەکات بە گران لەسەریان بکەوێت".
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، ئەوە "دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخ و تێچووی بەرهەمەکان".
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت، زیادبوونی نرخی کاڵا بەرهەمهێندراوەکان لە ئێران، وا دەکات لەسەر ئێمەش [هەرێمی کوردستان و عێراق] گران ببێت، چونکە کاتێک کارخانەیەک بە گران کاڵایەک بەرهەم بهێنێت، بە گران دەیدات بە ئێمەش.
رۆژی یەکشەممە 28-9-2025، کۆمەڵێک سزای نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە بەسەر ئێراندا سەپێندرانەوە.
ئەو سزایانەی بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، جارێکی دیکە کارا دەبنەوە، ئەگەر لە دوا ساتەکاندا پێشهاتێکی دیپلۆماسی روونەدا، کە ئەوە ئەگەرێکی زۆر دوورە.
سزاکان دوای ئەوە دەسەپێندرێنەوە کە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا "میکانیزمی سناپباک" یان سەپاندنەوەی خێرای سزاکانیان کاراکرد کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە. ئەورووپییەکان تارانیان بە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانییەوە تۆمەتبار کردووە.
قسەکانی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح"ـی رووداو کە ئەمڕۆ سێشەممە 30-9-2025 کاژێر 9:00 پێشكێشکرا.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، "ناتوانین رێژەیەک دیاری بکەین بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان، چونکە ئەوە دەکەوێتە سەر ئاستی دابەزینی نرخی تمەن و نرخی ئەو کەرەستە سەرەتاییانەی کارخەکانـی ئێران لە دەرەوە دەیکڕن".
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەشڵێت، "ئەو بازرگان و هاوردەکارانەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە کاڵا لە ئێران دەکڕن، گرێبەستەکانیان زۆرینەی بە دۆلارە و بە تمەن نەیانکردووە. واتە ئەو کاڵایانەی هاوردە دەکرێ، بە دۆلارە".
ئەو بەرپرسە شێوازی مامەڵە و پارەدانیش لەگەڵ ئێران باس دەکات و دەڵێت، "پێشتریش هاوردەکارانی ئێمە لەگەڵ خاوەن کارخانەکانی ئێران مامەڵەکانیان لەڕێگەی بانک نەبووە، بەڵکو بە کاش حەواڵە بووە لە رێگەی دەرەوەی بانکەوە، بۆیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەرمان نابێت لە رووی سزاکانەوە".
عێراق چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە. پار بایی 11 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هەبووە.
لەو بڕە، عێراق بایی 2 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردووە، بایی 9.2 ملیار دۆلاریش کاڵای لێوە هاوردەکردووە.
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، لەو بڕە، 6 ملیار دۆلاری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ