رووداو دیجیتاڵ
نرخی پلاتینیۆم ئەمڕۆ 35 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 2150 دۆلار.
دوێنێ دووشەممە، نرخی پلاتینیۆم 15٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی لە 2465 دۆلارەوە هاتە 2077 دۆلار. شەپۆلێکی تووندی فرۆشتن لە بازاڕی کانزاکان پلاتینیۆمیشی گرتەوە.
شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەم دابەزینە لەناکاو و زۆرەی پلاتینیۆم پەیوەندیی راستەوخۆی بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا "پێشکەوتنی گەورەی" بەدەستهێناوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
ترەمپ باسی لە ئەگەری پێشکەشکردنی گوتارێک لە پەرلەمانی ئۆکراینا و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ زیلینسکی و پوتینییش کرد. گوتیشی، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەیە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپاش کۆببێتەوە.
ئەم لێدوانانە بوونە هۆی کەمبوونەوەی ترس و مەترسییە جیۆسیاسییەکان، کە وایکرد وەبەرهێنەران لە کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام دووربکەونەوە.
سەرەڕای ئەم دابەزینە، پلاتینیۆم لە ساڵی 2025دا بەرزبوونەوەیەکی سەرسوڕهێنەری تۆمارکردووە تاوەکو ئەمڕۆ نرخەکەی 155% بەرزبووەتەوە.
بازاڕەکانی چین بەردەوامن لە کڕینی بڕێکی زۆری ئەم کانزایە بۆ کەرتی پیشەسازی. گرێبەستەکانی ئایندەش لە بۆرسەی گوانگژۆ کراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کێشەکانی بەرهەمهێنان لە باشووری ئەفریقا، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری پلاتینیۆمە لە جیهاندا، بووەتە هۆی ئەوەی بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بازاڕی ئەم کانزایە رووبەڕووی کورتهێنان ببێتەوە و بڕی پێویستی تەنیا پێنج مانگ لە کۆگاکان بەردەست بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ