رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیشەی چاودێریی و وردبینی ژمێریاریی عێراق، دان بە دەستەی هاوشێوەکەی هەرێمی کوردستان نانێت بۆ وردبینی دارایی کۆمپانیاکان و بانکی ناوەندی لێ ئاگادار دەکاتەوە. دەستەی هەرێمی کوردستان کۆنووسی خۆی لەو بارەیەوە ئاراستەی بەغدا دەکات و بڕیارە بەم نزیکانە لەسەر ئەو پرسە کۆببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
بە گوێرەی نووسراوێک، کە بانکی ناوەندیی عێراق ئاراستەی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە لە بەغدا، لە نێوەڕۆکی بۆچوونی دەستەی پیشەی چاودێریی و وردبینیی ژمێریاریی عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە، کە پشت بە وردبینییەکانی کۆمەڵەی چاودێرانی یاسایی هەرێمی کوردستان نابەسترێت.
ئەو وردبینییە بۆ پرسی دارایی کۆمپانیاکانە، کە بانکی ناوەندیی عێراق لە پرسی فرۆشتنی دۆلار و پێدانی کۆدی سیستمی ئەسکۆدای بازرگانی پشتی پێدەبەستێت.
لە 28ى ئەیلوولى 2025 نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو نووسراوەی بانکی ناوەندییان ئاراستەی کۆمەڵەی زانستى ژمێریارانى یاسایی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئەوەی بۆچوونیان وەربگرێت.
د. مەروان محەممەد فەخری، سەرۆکی کۆمەڵەکە بە رووداوى رایگەیاند، نووسراوەکەیان لە 12ی تشرینی یەکەم بەدەست گەیشتووە و بۆچوونی یاسایی خۆیان لەگەڵ ئەنجوومەنى پیشەی چاودێرانی ژمێریاریی هەرێمی کوردستان لە کۆنووسێکدا ئامادە کردووە و ناردوویانە بۆ بەغدا، کە تێیدا باس لە پاڵپشتی یاسایی و دەستووریبوونی کارەکانیان دەکات.
ئەو وردبینییە پاڵپشتی یاساییە بۆ کۆمپانیاکان لەبارەى ژمێرەی کۆتاییان و بڕی باج و پاکتاوکردنیان.
د. مەروان محەممەد فەخری رایگەیاند، ئەو پرسە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کێشە بۆ کۆمپانیاکان دروست دەکات و بڕیارە بەم نزیکانە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ لایەنی عێراقی کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ